لە ئەمەریکاش داوای بایکۆتکردنی ڤۆدکای رووسی دەکرێت

سزاکانی سەر رووسیا ڤۆدکاش دەگرێتەوە
ڤۆدکای رووسی
ڤۆدکای رووسی

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی لە کەنەدا بڕیاردرا ڤۆدکای رووسی لە فرۆشگاکان لاببرێت، لە ئەمەریکاش داوای بایکۆتکردنی دەکرێت.

بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، خەریکە سزاکانی ئەمەریکا ڤۆدکای رووسیش بگرێتەوە، هەریەک لە سپێنسەر کۆکس، فەرمانڕەوای ویلایەتی یۆتا و کریس سونونو، فەرمانڕەوای ویلایەتی نیو هامبشێر لە ئەمەریکا، داوایان لە یانەکانی شەوانە و فرۆشگاکانی مەی کردووە، خواردنەوە کحولییەکانی بەرهەمی رووسی، بەتایبەتی ڤۆدکا، بایکۆت بکەن و چیتر بە هاووڵاتییانی نەفرۆشن.

بەبڕوای تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، ئەم هەنگاوە کاردانەوەیە و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت، چونکە خواست لەسەر خواردنەوە کحولییەکانی رووسیا لە ئەمەریکا زۆرە.

پێشتر وەک هەڵوێستێک دژی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لە چەند شارێکی وڵاتی کەنەدا بڕیاردرا ڤۆدگای رووسی لە رەفەکانی مەیفرۆشان لاببرێت.