یانە و هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بایکۆتی یانەکان و هەڵبژاردەی رووسیا دەکەن

داوا دەکرێت رووسیا لە مۆندیال دووربخرێتەوە

بانه‌رێك له‌به‌رده‌م یاریگه‌ی گۆدیسۆن پاركی تایبه‌ت به‌ ئێڤه‌رتۆن كه‌ نووسراوه‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكرایناین
بانه‌رێك له‌به‌رده‌م یاریگه‌ی گۆدیسۆن پاركی تایبه‌ت به‌ ئێڤه‌رتۆن كه‌ نووسراوه‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكرایناین

رووسیا بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ئەگەر هەیە باجێکی گەورە لە وەرزش بدات، بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردەکانی ئەوروپا ئامادەنین یاریی بەرامبەر رووسیا بکەن و داواش دەکەن لە مۆندیالی 2022 دووربخرێتەوە، لە رووی ئابووریشەوە زیانێکی گەورە بە رووسیا دەکەوێت و تا ئێستا یانەکانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و شاڵکێی ئەڵمانی گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای گازپڕۆم هەڵوەشاندووەتەوە، لە زۆرینەی یارییەکانیش دروشمی یانەکان راوەستاندنی شەڕە لە دژی ئۆکرانیا.

لێکەوتەکانی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامن، یانە و هەڵبژاردەکانی ئەوروپا لەسەر بایکۆتکردنی یانەکان و هەڵبژاردەی رووسیا بەردەوامن، لە زۆربەی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا یانە و یاریزانانەکان بە شێوازی جیاواز گوزارشت لە دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەکەی رووسیا دەکەن.

گەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاریدا یارییەکانی هەڵبژاردەی رووسیا بگوازێتەوە دەرەوەی وڵاتەکە و رایەگەیاند یاریی رووسیا لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ بەبێ هاندەر و بەبێ ئاڵا و سروودی نیشتیمانی رووسیا لە دەرەوەی وڵاتەکەی بەڕێوە بچێت، کە وابڕیارە رۆژی ٢٤ی مارس لەگەڵ پۆڵەندا بەیەک بگەن، بەڵام هێشتا بەرپرسانی فیفا ترسیان هەیە ئەم سزایە بەس نەبێت، چونکە پۆڵەندا و چیک و سوید بەفەرمی رەتیانکردەوە یاریی بەرامبەر رووسیا بکەن، کە براوەی یارییەکەی رووسیا و پۆڵەندا لە پاڵاوتنی مۆندیال رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان چیک و سوید دەبێتەوە.

پێشبینی دەکرێت ئەگەر هەڵبژاردەکانی ئەوروپا لەسەر بایکۆتکردنی یارییەکانیان بەرامبەر رووسیا بەردەوام بن، فیفا رووسیا لە مۆندیالی ٢٠٢٢ دووربخاتەوە.

کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سویسرا و دانیمارک و نەرویج و سکۆتلەندا و وێلزیش بوونە بەشێک لە هەڵمەتی نا بۆ یاریکردن لە دژی رووسیا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەراش هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر رووسیا ئاشکراکرد و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند ئامادە نین لە داهاتووێکی نزێکدا هیچ یارییەک بەرامبەر رووسیا بکەن لەسەر ئاستی سەرجەم تیپە جیاوازەکان، ئینگلتەرا رەتیشیکردەوە میوانداریی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەکی رووسیا بکات لەکاتێکدا وابڕیارە هاوینی داهاتوو هەڵبژاردەی خانمانی رووسیا بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بکات کە ئینگلتەرا میوانداریی دەکات بەمەش ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ رووسيا له‌ جامی خانمانی ئەوروپا دووربخرێتەوە.

دوای ئەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی رووسی هەڵوەشاندەوە، ئەمجارە یانەی شاڵکێی ئەڵمانی بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی هەڵوەشاندەوە، کە سپۆنسەری سەر درێسی یانەکە بوو.

کۆمپانیای گازپرۆم لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٧ سپۆنسەری یانە ئەڵمانییەکە بوو، لە دوایین یارییشی رۆژی شەممە بەبێ دانانی لۆگۆیەکە لەسەر درێسەکەی یارییەکەی ئەنجام دا و یانەکە بەفەرمی لە بەیاننامەیەکیدا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی راگەیاند لەکاتێکدا گرێبەستەکەی نێوانیان تا ساڵی ٢٠٢٥ بە ١٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانه‌ واژۆ كراوه‌.