لە مانگێکدا دووجار بەشەخۆراکی مانگانە دابەش دەکرێت

ئامادەکاری تەواو کراوە و دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت

بەشەخۆراک
بەشەخۆراک

K24 – بەغدا

وەزیری بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد، کۆگاکان ئامادەکاری تەواویان کردووە، لە مانگی رەمەزان دووجار بەشەخۆراک دابەش دەکرێت.

عەلا جبووری، وەزیری بازرگانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، لە مانگی رەمەزان دووجار بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، لە کۆگاکان ئامادەکاری تەواو کراوە".

لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری بازرگانی عێراق گوتی: "پەیوەندییمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم زۆر باشە و بەشەخۆراکیش لە هەموو عێراق بە یەکسانی دابەش دەکرێت".

عەلا جبووری، ئاماژەی بەوەشدا: "شەڕی رووسیا و ئۆکران، کاریگەری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە عێراق، هەندێک مادە بە رێژەی %40 بەرزبوونەتەوە".

ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی عێراق بە ئاوەری شاندێکی وەزرەتی پلاندانانی عێراق لە بەغدا سەردانی چەند کۆگایەکی خواردنیان کرد، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربن لەو ئامادەکارییانەی لە کۆگاکان بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراک کراون.