دوو کۆمپانیای دیکە کارەکانیان لە رووسیا رادەگرن

هالیبەرتۆن و شلەمبەرجەر کارەکانیان لە رووسیا هەڵپەسارد

مۆسکۆ
مۆسکۆ

K24 - هەولێر

کۆمپانیاکانی شلەمبەرجەر و هەلیبەرتۆنی ئەمەریکی بۆ خزمەتگوزاری بواری نەوت کارەکانیان لە رووسیا هەڵپەسارد. ئەوەش وەک هەوڵێکی دیکەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر رووسیا بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.

هەوڵی ئەو دوو کۆمپانیایە لە کاتێکدایە چەندین کۆمپانیای دیکەی بواری وزە و بازرگانی و تاکفرۆشی کاڵا کارەکایان لە رووسیا رادەگرن، لە هەمانکاتدا ئەوروپا و ئەمەریکا پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیای تایبەت بە بواری نەوت و هاوردەکردنی بەرهەمەکانی وزەیان لە وڵاتەکە راگرت.

كۆمپانیای هالیبەرتۆن رایگەیاند، سەرجەم کارەکان و پلانی چالاکییەکانیان بۆ داهاتوو لە رووسیا راگرت، هەروەها لە ماوەکانی رابردووش گواستنەوەی بەشێک لە ئامێر و کەرەستەکانی پەیوەست بە پیشەسازی نەوتییان بۆ رووسیا راگرتووە.

کۆمپانیای شلەمبەرجەریش درەنگانی شەوی هەینی رایگەیاند، رەوانەکردنی سەرجەم وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای نوێی بواری نەوتییان بۆ رووسیا راگرت، سەرەڕای ئەوەی کارکردنی ئێستاشیان بە گوێرەی یاسا و سزا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی بی پی و شێل و ئێکوینۆر و ئێکسۆن مۆبیل چالاکییەکانیان لە رووسیا راگرتووە و رایانگەیاند پلانیان داڕشتووە لە رووسیا بچنە دەرەوە.

Fly Erbil Advertisment