گوتاری مهسرور بارزانی له كۆڕبهندی جیهانیی وزه له ئیمارات
K24 - ههولێر:
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهمیانهی بهشداریكردنی له كۆڕبهندی جیهانیی وزه گوتارێكی بهناوی "بەرەوپێشبردنی وزە، هەناردەکردن و ئاییندەی هەرێمی کوردستانی عێراق" پێشكهش كرد و رایگهیاند، "بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاك بۆ داهاتوویەکی بەهێز، لە هەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە هەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، من دڵنیام کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێت بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانی".
له گوتارهكهیدا سهرۆكی حكومهتی ههرێم ئاماژهی بهوهش كرد، "ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێك لە مێژووماندا، کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەموو قوربانیدانمان. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئهوهی کوردستان بكهینه سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا".
دهقی گوتاری مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له كۆڕبهندی جیهانیی وزه/ 2022:
سڵاوتان لێبێت..
من شەرەفمەندم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام بۆ قسەکردن له بارەی ئاییندەی توانای وزەی ههرێمی کوردستانی عێراق، من هیوا و ئاواتەکانی خەڵکی خۆم لەگەڵ خۆم هێناوه.
بە شێوەیەکی تایبەت چێژ لە پێشکەشکردنی ئەم گوتارە وەردەگرم لەم شوێنە، کە باوك و باپیرانی زۆرینەتان تێڕوانینێکی ناوازهیان هەبووە بۆ بنیاتنانی وڵاتێك بۆ هاووڵاتیانی و ببێتە نموونەیەك بۆ جیهان.
پاش پەنجا ساڵ ئیمارات ههردوو ئامانجهكهی بهدیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەموو ناوچەکە و سەرکردایەتییەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سرووشتییەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا.
لە هەموو هەنگاوێکی رۆژانەتاندا و بە شێوازێکی بەردەوام و راستەوخۆ وزە بهکارهاتووە، هیچ وڵاتێکی دیكه لە جیهان بەم شێوەیە کاریگەر نەبووە لە بەکارهێنانی وزە وەکو كۆڵهكهیهك بۆ بنیاتنانی وڵات.
دەمەوێت بە سوپاسکردنی وەزیری وزەی ئیمارات، بەڕێز سوهێل محەمەد مهزروعی و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەتلانتیك، فریدریك کێمپ، بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم لوتکەیە دەستپێبکەم، کە لە کاتێکی گونجاودا هاتووە. هەروەها سوپاسی رێکخەرانی ئەم ئیڤێنتە دەکەم بۆ سازکردن و کۆکردنەوەی هەموومان لێرە، چاوەڕوانی بیستنی راوبۆچوونەکانتان و پرسیارەکانتان دەبم.
ئەمڕۆ لە پێش ئێوەدام، لە چوارچێوهی سهردانێكی ههفتهییدا بۆ ئیمارات، من لێرەم بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی جددی، هەروەها بۆ فێربوون لە ئێوەوە. لە هەر هەنگاوێکی سەردانەکەمدا، گفتوگۆی پڕ لە زانیاریم لەگەڵ سەرکردەکان و بیرمەندەکان ئەنجامدا.
بۆ من زۆر روونە، کە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە و بنەمای هاوبەش کۆماندەکاتەوە. ئێمە هاووڵاتیانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیكه پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگهی نێودەوڵەتین، کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات.
لە ماوەی ساڵانی رابردوو، ئێمە لە کوردستانەوە تەماشای ئێوەمان دەکرد و لە ئەزموونی ئێوە لە ئیمارات، فێردەبووین، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بەربەستی جددیمان تێپەڕاند.
چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێك یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەرێمێك کە لە رۆژێکدا نزیكهی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و لهگەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو.
ئاڵۆزی مەزهەبی لە چەند بەشێکی وڵات و دەرکەوتن و رووخانی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە ئێمە رۆڵێکی سەرەکیمان لە لەناوبردنی هەبوو، ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق و لە دوایینیشیدا ئەنجامدانی زوڵم و ستەم دژ بە ئێمە لەلایەن بڕیارەکانی ئەوەی کە پێی دەڵێن: "دادگای فیدڕاڵی"، بەڵام ئێمە سەرکەوتوو بووین، تێڕوانینی من وایە، کە ئێمە بەرەو گەشەسەندن دەچین.
بەکارهێنانی تواناکانی وزەی ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر و ژیر، کاری سەرەکی ئێمە بوو بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندە، حکومەتەکەمان ئەوەی کرد بە پێشینەیەکی ستراتیجی، کە هەتاهەتایە پارێزگاری لە کوردستان دەکات.
ئاییندەی ئێمە لەسەر وزە بنیات دەنرێت، لە رێگهی هەریەك لە هاووڵاتیانی ئێمە کە کاتەکەیان بەکاردێنن بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن، هەروەها لە رێگهی بەردەوامبوونی بەرەوپێشبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان، کە ئێمەی کورد لە پێناویدا کارمان کردووە، بە درێژایی چەندان دەیەی پڕ لە جەنگ و پەتا و یاخیبوون و چەندین بەربەستی دیكه.
ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێك لە مێژووماندا، کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەموو قوربانیدانمان. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئهوهی کوردستان بكهینه سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا.
کەواتە ئێستا ئێمە چی دەکەین لەو بارەیەوە؟ ستراتیجیەتی وزەی حکومەتەکەمان لەسەر دوو كۆڵهكه بنیاتنراوە.
بەرپرسیارێتی یەکەمی من، جێبەجێکردنی خواست و داواکاریی هاووڵاتیانه، کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. بە درێژایی چەندان دەیە لە سەرەتای دامەزراندنی ههرێمی کوردستانەوە، داواکاریی بۆ وزە لە زیادبوون دایە. خێزانەکان، ماڵ و ئۆتۆمبێلی زیاتریان کڕیوە، خزمەتگوزاریی گشتی گەیهنەدراوەتە قووڵایی دەشت و گوندەکان، بۆ یەکەمینجار پایتەختی ئێمە، هەولێر، لە رێگهدایە بۆ بوون بە سەنتەرێکی هەرێمی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.
ئەو سێ ساڵەی رابردوو گۆڕانکاری گەورە روویاندا، ئێمە باشترین سیاسەتە پهیڕهوكراوهكانی جیهانمان لە کەرتی گشتیدا جێبەجێکرد، رێوشوێنمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی هەموو بەربەستەکان گرتەبەر.
هەموو رۆتینەکانمان لە بەردەم پەرەسەندنی کەرتی تایبەت لابرد، هانی یەکەمەکان دەدەین و داهێنەرەکان خەڵات دەکەین.
ئێمە کەرتی گشتیمان بە ئەلیکترۆنی کرد و ئەم هەنگاوەش بووە هۆی کەمکرنەوەی دەرفەتی گەندەڵی و کەمتەرخەمی. ئێستا ئێمە چاکسازی لە سیستەمی بانکی و باج دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی لابردنی بەربەستەکان لە بەردەم وەبەرهێنان و داهێنان.
پەرەسەندن رێگهیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج، حکومەتەکەمان دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی و ئابووریی گەورەی راگەیاندووە. بەڵام هێشتا رێگهیەکی دوورودرێژمان لەپێشە، لەگەڵ ئەوەی تواناکانمان فراوان کرد، رووبەڕووی ئەو کێشەیە بووینەوە، کە نەمانتوانی پێداویستی وزەی هەندێك لە هاوبەشە ناوخۆییەکانمان جێبەجێ بکەین. وەك نموونە، خواست لە سەر گاز دوو ئەوەندی ئاستی بەرهەمهێنانێتی.
ئەمە ئەو بارۆدۆخە نییە، کە ئێمە دەمانەوێ تێیدا بین، ئێمە هەنگاوی خێرامان ناوە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە، بەمدواییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواستی خۆی دەربڕی لە کەرتی گازی ئێمە و پشتگیری ماددیان پێشکەش كرد، وهك بەشێك لە هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز. دەزانم ئەمڕۆ هەندێك لە هاوبەشەکانی ئێمە، کە لێرەن، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتەکەمان و دەسهڵاتە خۆجێییەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەندێك لە کێشە و بۆشاییە کاتییەکان.
ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاك بۆ داهاتوویەکی بەهێز، لە هەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە هەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، من دڵنیام کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێت بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانیی، کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای هەناردەکردنی نەوتمان هەیە، کە رۆڵێکی گرنگی ئابووری لە ئاراستەی ژیانمان دەبینێت و هاوکات رۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ هاوبەشەکانمان هەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە هەرێمەکەمان هەیە.
من گفتوگۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردووە، لەبارەی دامهزراندنی شاڕێگهیەکی شەمەندەفەری ناوچەیی. پێموایە ئەمە وەرچەرخانێك دەبێت بۆ عێراق و ناوچەکە، کە رێگهی بازرگانی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی هەماهەنگی ناوچەكەدا دەکاتەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستمان بە یارمەتیی و پاڵپشتی هاوڕێکانمانە كه زۆرینەیان ئەمڕۆ لەم هۆڵە دان، هەروەها ئازایەتی هاوبەشەکانمان بۆ زاڵبوون بە سەر بەربەستەکان. کوردستانێکی بەهێز و خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ، هەڕهشە نییە بۆ سەر دراوسێكانمان و هاوبەشەکانمان لە بەغدا، لە راستیدا پێچەوانەکەیەتی.
ئێمە دووبارە بەهێزیی ئامانجەکانمان و وەفامان بۆ هاوڕیکانمان نیشاندا، ئێمە کەسانێکین، کە خاوەن قسەی خۆمانین. ئەگەر ئێمە وەکو بەرەیەکی یەکگرتوو کاربکەین؛ ئەو کێشە و بەربەستانەی کاریگەرییان لە سەرمان هەیە، کەم دەبنەوە. دەتوانین یارمەتی وڵاتانی ههرێمی و جیهانی بدەین و دەیکەین، بۆ ئهوهی له دابینکردنی پێداویستی وزە هاوكاریان بین. هەروەها پتەوکردنی کۆمەڵگاکەمان. لە کاتێکدا ئێمە بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان بە کەرتی گاز و نەوت، هاوكات به بهردهوامیش كار لە سەر وزەی پاك دەکەین. گۆڕانمان بەرەو وزەی پاك، نیازپاکی و پێویستییەکی ئابوورییە. تێچووی وزەی پاك، ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر دەبێتەوە. حکومەتەکان بە شێوازێکی فراوان هانی وزەی پاك دەدەن و پشتگیری دارایی لێ دەکەن.
من باش لە بیرمە 10 ساڵ لەمەوبەر، کەسانی شارەزا ئاگاداری ئەو دەوڵەت و حکومەتانەیان دەکردەوە، کە پشتیان بە نەوت بەستووە، بەوەی ئابوورییەکەیان دەڕووخێت ئەگەر بەرهو وزەی پاك نەڕۆن، ئەوە ئێستایە کە نابێت چیتر پشت بە نەوت و گاز ببەستین. تەنانەت ناویان لێ نابوو سەردەمی کۆتایی سووتەمەنی فوسیلی. بەڵام ئێستا پێکدادان لە ئەوروپا هەیە و ئەم پێشبینییە رەتدەکاتەوە. پێویستە لێرە روونی بکەمەوە، ئێمە لە کوردستان ئەگەر هاوبەشەکانمان لە بەغدا هاوکارمان بن، توانای ئەوەمان هەیە بەشێك لە پێداویستی وزەی ئەوروپا دابین بکەین.
ئەمڕۆ دەمەوێت لە پێداویستیەکانمان واقعی و لە هەڵسەنگاندنەکانمان ورد بین. من هیچ گومانێکم لەوە نییە، کە لە داهاتووشدا نەوت و گاز به بەشێکی گرنگ لە جۆر و سەرچاوەکانی وزە دەمێننەوە. هەرچەند پێموایە نابێت وەك تاکە سەرچاوەی داهات بو پێشکەوتن لە نەوت بڕوانین، بەڵام ئەمە لە شەو و رۆژێکدا نایەتە دی.
هاوکات کابینەکەی من هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ فرە سەرچاوەیی داهات، بۆ ئەوەی پارێزراو بین لە بەرامبەر نرخە ناجێگیرە جیهانییەکانی وزە. ئێمە خەریکی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای پیشەسازی و دەرکردنی رێنمایی ژینگەیین، بۆ هاندانی کۆمپانیا و دەستەڵاتە خۆجێیەکان و دروستکردنی رکابەری.
ئەم فرە سەرچاوەییە بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەشە خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوە، هاوشان لەگەڵ کەرتی وزە، نەك ئەوەی ببێتە جێگرەوەی نەوت. هەنگاوی گرنگ لە بواری بەرەوپێشبردنی تواناکانی کەرتی وزە دەنێین. ئێمە و زۆربەی وڵاتانی جیهانی دەبێت لە بەکارهێنانی نەوت و گاز ژیرتر بین.
ساڵی رابردوو هەموو ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لە بەفیڕۆدانی گاز ئاگادارمان کردنەوە. دەزانم زۆربەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایانە ئەمڕۆ لێرەن و من سوپاسی سەرکردایەتییان و پابەندبوونیان دەکەم، بۆ پاراستنی ناوچەکانی دەوروبەر و ژینگە لە پێناو نەوەکانی داهاتوودا.
ئێمە یەکەم وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبامان کردەوە و ئێستا بەو گازە کار دەکات، کە پێشتر لە کێڵگە نەوتییەکان دەسووتا و بەفیڕۆ دەچوو، ئێستا کارەبای هاووڵاتیان دابین دەکات.
پێشتر پرۆژەی بچووکمان بۆ وەبەرهێنانی وزەی خۆر راگەیاندووە، ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە کۆمپانیا گەورەکانی کوردستان وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دەکەن.
بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ئاو، ئێمە خەریکی دورستکردنی چەند بەنداوی بچووك و گەورەین. ئەو پرۆژانە نیشانەیەکە بۆ سووربوونی ئێمە بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندەیەکی سەوزتر و هاوکات گوزارشتە لەسەر زیادبوونی خواست لەسەر وزە.
دوو بنەمای سەرهکیمان لە سیاسهتی وزەدا هەیە، کە بریتین لە بهکارهێنانی باشتر و گونجاوتری سەرچاوەکانی نەوت و گاز و ئەوەی دیکەیان پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی وزەی پاك، ئەمانە دەرفەتی مەزنن بۆ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان. وڵاتهكهی من پێشوازی لەو وەبەرهێنەرانە دەکات، کە دەتوانن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ئەزموونی خۆیان بۆ ئێمە بگوازنەوە و بە دوای هاوبەشیی درێژخایەندا دەگەڕێن.
بهر لەوەی قسەکانم کۆتایی پێبهێنم، دەزانم هاوبەش و دۆستی زۆر لە بەشی کەرتی نەوت و گازی کوردستان هەیە و دەزانم هیچ گرێبەستێك تەواو ناکرێت بەبێ پێدانی گەرەنتی بە ئێوە.
دەمەوێت بۆ هەمووتان جەخت لەوە بکەمەوە، کە كابینهكهی من پابەند دەبێت بەو گرێبەستانەی لەگهڵ كۆمپانیاكان ئیمزا کراون. ئەو گرێبەستانە بە پێی یاسای نەوت و گازی کوردستان و دەستووری هەمیشەیی عێراقە و بەشێکە لە داهاتووی هاوبەشمان. بایەخی گرێبەستەکانمان بەو رادەیە، کە بۆ ئێوە گرنگە، بە هەمان رادە بۆ حکومەتەکەی من گرنگە. ئەوە لەلایەن پسپۆڕە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکانیش پشتڕاست کراوەتەوە. بە هەموو توانامانەوە هەوڵ بۆ پاراستنیان دەدەین.
وەبەرهێنەران لە کوردستان مافی ئەوەیان هەیە لە کاتی خۆیدا پارەی خۆیان وەربگرن. دڵنیاتان دەکەمەوە، کە حکومەتەکەی من جەخت لەوە دەکاتەوە، بە شێوەیەکی روون یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەرەنتیکردنی وەبەرهێنانی زیاتر لە ئاییندەدا. ئێمە رێزمان بۆ وەبەرهێنان و هاوبەشی هەموو کۆمپانیاکانی وزە لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەردەوام بوون لە پابەندبوونی خۆیان سەرەڕای کێشە و بەربەستەکان.
هەر بۆیە فرە سەرچاوەیی داهات گرنگە، بۆ ئەوەی پشتگیرییەك بێت بۆ حکومەتەکەمان لە پێدانی پارە بە وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت.
ئێمە بەردەوام بە دوای میکانیزمێکدا بووین بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت و گازی فیدراڵ لە هەموو عێراقدا. ئەوە، ئەوەیە کە لە ناو دەستووردا هەیە و ئەمە تەنیا رێگهیهكی کردارییه لە نێوان بەغدا و ئێمەدا هەیە.
دەمەوێت شتێك لە بارەی بڕیاری ئەم دواییەی بە ناو "دادگای فیدراڵی" بەغدا روون بکەمەوە، کە نیشانەی پرسیاری خستە سەر مافی ئێمە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت لە کوردستان. ئەم بڕیارە سیاسییە و دژی دەستووریی هەمیشەیی عێراقە. ئەو بڕیارە بۆ ئەوە درا، تا گوشار لە سەر ئێمە دروست بکات، لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. دۆست و هاوبەشەکانمان ئەو بابەتە دەتوانن بە روونی ببینن.
ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی لە دانووستان داین، لەبارەی رێککەوتنێك کە رێز لە دەستوور و مافەکانی ئێمە دەگرێت. ئەوە هەڵوێستی هەمیشەیی ئێمەیە. وەك ئەوەی بە مستەفا کازمی-ی سەرۆك وەزیرانم گوت: ئێمە دەمانەوێت لە مووسڵەوە تا بەسره یارمەتیدەری بەشەکانی دیکەی عێراق بین. ناکرێت هەمیشە لە یاریدا لایەنێك براوە و لایەنێك دۆڕاو بێت، دەکرێت هەر دوولا براوە بن.
وەك هەمیشە، کە بە بیری دۆستەکانم لە بەغدا دههێنمەوە، کوردستان وزەی کارەبای بەشەکانی دیکەی عێراق دابین دەکات، توانای ئەوەشی هەیە خواستی زیاتری وزە لە عێراقدا دابین بکات. ئێمە پابەندین بە گێڕانی رۆڵێکی بنیاتنەر بۆ هەموو عێراق.
بەڵام دەمەوێت هەر یەکێك لە ئێوە دڵنیا بکەمەوە هەروەها وەبەرهێنەرەکانمان، کە ئەم بڕیارە هیچ کێشەیەك بۆ وەبەرهێنان لە بواری وزە لە کوردستان درووست ناکات. ئێمە دەرگامان بۆ بازرگانی کراوەیە و چاوەڕانی پێشوازیکردن لە هاوبەشی نوێین لە کوردستان.
لە کۆتاییدا دەستی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ ئێوەی بەڕێز درێژ دەکەم. من لە سەرهتای وتارەکەمدا باسی ئەوەم بۆتان کرد، وڵاتی ئێوە نموونەیەکی درەوشاوەیە بۆ هەموو جیهان. ئەوەی من باسم نەکرد، ئەوە بوو، کە دەستکەوتەکانی ئێوە ئەزموونێکی باشن بۆ من، کە چۆن وڵات و کۆمەڵگا کار دەکات.
ئێوە پێوانەی پێشکەوتنی بەرزتان بۆ ئێمە و ناوچەکە دیاری کرد، ئێوە ئەزموونی زۆرتان بۆ لاساییکردنەوەی پێشکەوتنتان پێشکەش کردین. هاوکات لەگەڵ بنیاتنانی کوردستان، ئێمە سوود لە ئەزموونی مێژوویی ئەو کەسانە وەردهگرین، کە سەرکەوتووانە وڵاتیان بنیاتناوە. شانازییە بۆ ئێمە، کە بە ئێوە بڵێین: دۆست یان هاوبەش، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین، پێشوازی لە ئێوە بکەین لە وڵاتی خۆمان، بە هەمان ئەو شێوازە گەرمەی ئێوە پێشوازیتان لێ کردین.
سوپاس بۆ هەموو لایەك
خوا هەمووتان بپارێزێت