موقته‌دا سه‌در 40 رۆژ مۆڵه‌ت ده‌داته ئیتاری ته‌نسیقی
K24- هه‌ولێر:
له هه‌ڵوێستێكی نوێ‌دا موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در 40 رۆژ وه‌ك مۆڵه‌ت بۆ لایه‌نه‌كانی ناو ئیتاری ته‌نسیقی دیاری ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆیان بده‌ن، بۆ دانوستانكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و روو له ئیتاری ته‌نسیقی دووپاتیكرده‌وه، "جگه له په‌رله‌مانتارانی سه‌دری، ده‌توانیت دانوستان له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ناو په‌رله‌مان بكه‌ن".
ئه‌م گوتانه‌ی سه‌در له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی له تۆڕی تویته‌ر هاتوون و نووسیویه‌تی: "ئه‌مه نیعمه‌تی خودایه بۆ من.. كه ئه‌و توانایه‌ی به من و هه‌موو ئه‌وانه به‌خشی، كه له كوتله‌ی براوه له‌گه‌ڵمدان، سه‌ركه‌وتنێكی بێ هاوتا به‌ده‌ست بهێنین. دواتر ئێمه‌ی كرد به كوتله و هاوپه‌یمانێتییه‌كی گه‌وره".
سه‌در له درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "سوپاسگوزارم كه بووم به یه‌كه‌م براوه بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی نیشتمانی (رزگاریی نیشتمانی) و كاندیدكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، كه لای هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌سه‌ند بێت و سوپاس بۆ خودا ده‌ستبه‌رداری ئه‌مه‌ش نابم".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ش زۆر ناره‌حه‌ت بوون، كۆسپی زۆرمان خرایه به‌رده‌م و ئێستاش له نانه‌وه‌ی كۆسپه‌كان به‌رده‌وامن".
سه‌در له درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، "بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌بێ حكومه‌ت نه‌مێنێته‌وه و له ئه‌نجامدا دۆخی ئه‌منی، ئابووری، خزمه‌تگوزاری و ئه‌وانی دیكه نه‌شڵه‌ژێن، ئه‌وه‌تا لێره‌وه ده‌رفه‌تی دانوستان به (سێیه‌كی په‌كخه‌ر) ده‌ده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان دانوستان بكه‌ن، ته‌نها كوتله‌ی سه‌دری نه‌بێت".
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در نووسیویه‌تی: "له یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز تا 9ی مانگی شه‌وال ئه‌و ده‌رفه‌ته به ئیتاری ته‌نسیقی ده‌ده‌م و تا ئه‌و رۆژه دوعای خێر و قبووڵبوونی عیباده‌ته‌كه‌تان ده‌خوازم".
له كۆتایی تویته‌كه‌شیدا سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "داوا له خهۆشه‌ویستان له كوتله‌ی سه‌دری ده‌كه‌م، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه به ئه‌رێنی و نه به نه‌رێنی ده‌ستوه‌ردان له‌و بابه‌ته‌دا نه‌كه‌ن.. به‌مه‌ش ئه‌ستۆپاكی خۆم له به‌رده‌م هه‌موو لایه‌ك سه‌لماند".
H.B