ناوبژیوانانی كوردستان بایكۆتی خوله‌كانی كوردستانیان راگه‌یاند

ناوبژیوانانی كوردستان بایكۆتكردنی خوله‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن و ڕایانگه‌یاند چیتر ئاماده‌نین به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رماڵه‌ی ناوبژیوانان یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
ناوبژیوانانی كوردستان پێنج مانگه ده‌رماڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه، پێش یارییه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو نووسراوێكیان ئاراسته‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كرد و یارییه‌كانی گه‌ڕی رابردوویان به‌ڕێوه‌برد و كردیانه دوامۆڵه‌ت بۆ خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌كانیان، به‌ڵام ته‌نیا 2 رۆژ ماوه یارییه‌كانی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ستپێبكات كه‌چی هێشتا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ناوبژیوانانی كوردستان له نووسراوه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه چیتر له توانایاندا نه‌بووه له‌سه‌رخه‌رجی خۆیان خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ده‌شڵێن: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانیان نه‌دۆزنه‌وه ئاماده‌نین هه‌فته‌ی داهاتوو خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن كه بڕیاره سه‌رجه‌م یارییه‌كان له رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
