جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەقەبارەی 45 ملیار دۆلار گرێبەستی پەکخستووە
نزیکەی 100 کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهان زیانیان بهركهوتووه

K24 - ههولێر:
بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە، نزیکەی 100 کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهان، بە قەبارەی زیاتر لە 45 ملیار دۆلار گرێبەستیان هەڵپەساردووە، یان دواخستووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، بەهۆی وەستانی ئەو گرێبستانەوە، بازاڕی پشکەکانی ئەمهریکا زیانمەندی سەرەکی بوونە، بە جۆرێک تۆمارکردنی ژمارەیەک کۆمپانیا درەنگ کەوتوون، لە هەمان کاتدا بازاڕی قەواڵەکانی ژاپۆن و ئەوروپا بەهۆی درەنگکەوتنەوە زیانیان بەرکەوتووە.
جەنگی ئۆکرانیا رووسیا قەیرانی لە بازاڕەکان دروستکردووە لە هەمان کاتدا دڵەڕاوکێی لە نێو وەبەرهێنەران دروسکردووە، کە نادڵنیان لە گەشەی ئابووری و بەرزکردنەوەی نرخی سوود و کێشەکانی پەیوەست بە دابینکردنی کەرەستە سەرەکییەکان.
مارکۆ پالدینی، سەرۆکی سەندیکای قەواڵەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە بانکی بارکلیز رایگەیاند، فرۆشی قەواڵە ئاست بەرزەکان لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیاوە دابەزیوە.
بەهۆی جەنگەوە نزیکەی 50 کۆمپانیا پلانەکانیان بۆ تۆمارکردن لە بۆرسەکان راگرتووە، کە بڕیار بوو 30 کۆمپانیا لە بۆرسەکانی ئەمهریکا تۆماربکرێن، لە دیارترینیشیان Bioxytran Inc و Crown Equity Holdings Inc و Sagimet Biosciences In.
دیاترین درەنگکەوتنی کۆمپانیاکان لە ئاسیا و ئەوروپا بوو، بە جۆرێک تۆمارکردنی کۆمپانیای Olam International Ltd بۆ خۆراک لە بۆرسەی لەندەن دواکەوت، کە بەهای کۆمپانیای 17.1 ملیار دۆلاری ئەمهریکییە.
هەروەها پرۆسەکانی یەکگرتن و کڕینەوەی کۆمپانیاکان بەدەر نەبوو لە لێکەوتەکان، بەشێوەیەک نزیکەی 10 گرێبەست کە قەبارەیان بە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن بەهۆی جەنگەوە پەکیانکەوت.
هەروەها بە گوێرەی داتاکانی بلوومبێرگ، یەکگرتن و کڕینەوەی کۆمپانیاکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی سەدا 15 بۆ 1.02 ترلیۆن دۆلار دابەزی، ئەوەش کەمترین ئاستە لە دوای چارەکی سێیەمی ساڵی 2020ـەوە.
پرۆسەی کڕینەوەی کۆمپانیای یاری ڤیدیۆ Activision Blizzard Inc لەلایەن کۆمپانیای Microsoft Corp بە قەبارەی 69 ملیار دۆلار رێککەوتنێکی دیکەی گەورە بوو بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە زیانی بەرکەوت.