رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا دەگاتە بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی
رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە مانگی ئاداردا بۆ 61.14% بەرزبووەتەوە

K24 - هەولێر
رێژی هەڵاوسان لە تورکیا بۆ بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و کەرەستە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان بەهۆی قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها لێکەوتەکانی داڕمانی بەهای لیرە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە مانگی ئاداردا بۆ 61.14% بەرزبووەتەوە.
لە تورکیا، هەڵاوسان لە بواری گواستنەوە 99.12% و لە کاڵا خۆراکییەکان و خواردنەوە نا کحولییەکان 70.33% و نرخی کەرەستەکانی خانوو 69.26%بەرزبوونەتەوە.
لە هەمان کاتدا بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی تورکیا، کورتهێنانی تەرازووی بازرگانی وڵاتەکە بە رێژەی 76.7% لە سەر بنەمای ساڵانە لە مانگی ئاداردا بۆ 8.24 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. کە هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی تێچووی هاوردەی وزە بە رێژەی 156% دەگەڕێتەوە.
لە تورکیا رێژەی هەڵاوسان لە پاییزی رابردووەوە لە هەڵکشانە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە 2021 لیرەی تورکیا 44%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەستدا. ئێستاش بەهۆی قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیاوە نرخی کەرەستە خاوەکان گرانبووەوە، ئەوەش هەڕەشەیەکە لەسەر پرۆگرامی نوێی ئابووری ئەنقەرە کە ئامانج لێی بە دیهێنانی زیادەی تەرازووی بازرگانییە.