جووتیارانی عێراق ئامادەنین گەنمەکانیان بدهنه حكومهت
بەهۆی هاوردەکردن بە نرخێکی گران جووتیاران ئامادەنین گەنمەکانیان هەرزان فرۆش بکەن

K24 - ههولێر:
هەزاران جووتیار لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق ئامادەنین لە وەرزی بەبازاڕکردن، بەرووبوومی گەنم بە نرخێکی هەرزان بفرۆشنە وەزارەتی بازرگانی، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە حکومەتی عێراقی ئامادەیە گەنم بە نرخی گرانتر لە دەرەوەی وڵات هاوردە بکات، کە نرخەکەی سێ هێندەی ئەو نرخەیە، کە بڕیارە لە جووتیاران بیکڕێتەوە.
نوێنەری جووتیارانی موسەننا رایگەیاند، سێ هەزار جووتیار لە شاری سەماوە و دەوروبەری بڕیاریانداوە لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمدا گەنمەکانیان بە حکومەتی عێراق نەفرۆشنەوە ئەگەر نرخەکەی زیاد نەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بەم دواییە عێراق گەنمی لە ئەڵمانیا کڕیوە و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری داوە، جگە لە تێچووی گواستنەوەی دەریایی و وشکانی.
روونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تۆنی گەنم لە جووتیاری عێراقی بە 750 هەزار دینار و تۆنێک جۆ بە 600 هەزار دینار بکڕێتەوە، ئەو نرخەش زۆر کەمترە بەراورد بەو نرخەی لە دەرەوە هاوردەی دەکات.
نوێنەری جووتیارانی موسەننا ئاشکرای دەکات، بەشێک لە بازرگانان ئامادەییان دەربڕیوە نرخی تۆنێک گەنم بە ملیۆنێک دینار لە جووتیاران بکڕنەوە، ئەوەش ئاماژەیەکی دیارە بە رووداوی کارەساتێک کە زیانی گەورە بە هاووڵاتییانی عێراقی دەگەیەنێت.