راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ستراتیژییەتی قەرزی سێ ساڵی داهاتوو دەخاتەڕوو

پلان داڕێژراوە لە 2022 تا 2024 سەرجەم قەرزە ناوخۆییەکان بدەنەوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر:

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ستراتیژییەتی دانەوەی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی بۆ سێ ساڵی ئایندە ئاشکرا کرد.

راوێژکاری دارایی ئاشکرای کرد، قەرزی ناوخۆ گەیشتووەتە 70 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە نزیکەی 48 ملیار دۆلار، کە کەڵەکەبوونی ئەو قەرزانەش بۆ دوو قەیرانی بە دوای یەک دەگەڕێنەوە، یەکەمیا شەڕی داعش لە 2014 تاوەکو 2017، دووەمیشیان بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا لە 2020. هەروەها داڕمانی بازاڕی نەوت لە بەرێژەی سەدا 40 وایکرد ئەنجوومەنی نوێنەران لە 2020 دوو یاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بکات.

 ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی قەیرانی دارایی و کورتهێنان لە بودجەی گشتی چەندین ساڵە دانەوەی قەرزەکان پەکخرابوون، بەڵام بە گوێرەی ستراتیژییەتێکی نوێ پلان داڕێژراوە لە 2022 تا 2024 سەرجەم قەرزە ناوخۆییەکان بدەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە حەسەن نازم گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ ستراتیژییەتێکی نوێ پەسەند کردووە بۆ ئەوەی لە ساڵانی 2022 تاوەکو 2024 سەرجەم قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بدرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment