هانده‌ران ترسیان له‌ یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا هه‌یه‌ دیسان بارسێلۆنا ئازار بده‌ن

بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ ئه‌مشه‌و كاتژمێر 10:00 به‌كاتی باشووری كوردستان دەبێتە میوانی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، بلاوگرانا پێشتر دوو وەرزی دیکە لە پاڵەوانتییەکە رووبەڕووی یانە ئەڵمانیەکان بووەتەوە و لە هەردوو وەرز لەسەر دەستی یانەکانی ئەم وڵاتە دوورخراوه‌ته‌وه‌.

بارسێلۆنا سێزدە یارییە تووشی دۆڕان نەبووە، دوایین دۆڕانیان نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بووە، ئەمجارەیان یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە یاریی چوونی قۆناخی چآرەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ، لە ئەڵمانیا دەبێتە میوانی یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەم وڵاتە.

بارسا بۆ یه‌كه‌مجار رووبه‌ڕووی ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌

بارسا لە مێژووی پاڵەوانتییەکە، جاری یەکەمە رووبەڕووی ئاینتراخت دەبێتەوە، هەردوو یانە پێشتر لە هیچ یارییەکی فەرمی یارییان لەگەڵ یەکتری نەکردووە، تەنها جارێک ئەویش لە ساڵی 1976 لە جامی دۆستانەی خوان گامبەر رووبەڕووی یەکتری بونەتەوە.

بارسا دوازدەهەمین جارە لە مێژووی یۆرۆپالیگ بەشداری دەکات، هەروەها حەوتجار گەیشتونەتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و چوار جار ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە و سێجاریش هەر لەم قۆناغە ماڵئاواییان کردووە.

چاڤی: یارییه‌كی به‌هێز چاوه‌ڕێمان ده‌كات

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و رایگه‌یاند كه‌ یارییه‌كی به‌هێز چاوه‌ڕێیان ده‌كات ده‌شڵێت: بۆ ئێمە یاریگایه‌كه‌ی ئەمشەو یاریی تێدا دەکەین نوێیە، یاریگایەکی نایابە و لەو بڕوایەدام یارییەکی بەهێز دەبێت، رۆناڵد ئاراوخۆ بەرگریکارێکی بە توانایە و لەگەڵ ئێمە دڵخۆشە، ئەگەر لەدەست من بێت، هەر ئێستا گرێبەستەکەی نوێدەکەمەوە.،هەروەها سەبارەت بە عوسمان دێمبلی، کارگێری یانەکەمان لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە ''.

بارسێلۆنا كۆمه‌ڵێك یاریزانی له‌ده‌ست داوه‌

بارسێلۆنا بۆ ئەم یارییە کۆمەڵێک یاریزانی بەهۆی پێکان یاریی ناکەن، ئەوانیش ئانسۆ فاتی، مێمفیس دیپای، ساموئێل ئۆمتیتی و سێرجی رۆبێرتۆ، هەروەها لوک دی یۆنگی هێرشبەری هۆڵەندیش، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشداری یارییەکە ناکات.

بارسێلۆنا لە مێژووی یۆرۆپالیگ چوار جار یاریی لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکان کردووە، واتە دوو وەرزە رووبەڕووی یانەکانی ئەم وڵاتە بووەتەوە و هەردووجار لەسەر دەستی یانەکانی ئەم وڵاتە لە پاڵەوانتییەکە دوورخراونەتەوە.

رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا نووسیویه‌تی: هانده‌رانی بارسێلۆنا ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ دیسان یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا ئازاری یانه‌كه‌یان بده‌ن.

بارسێلۆنا هەرگیز نەبووەتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، بۆیە چاڤی راهێنەری یانەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ جاری یەکەم ناسناوی پاڵەوانتییەکە بەدەست بێنێت، هەرچەندە ئەوان پێشتر چوار جار گەیشتونەتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام هەرگیز نەگەیشتونەتە یاریی کۆتایی.

Fly Erbil Advertisment