ئه‌مڕۆ گواردیۆلا و كڵۆپ یاریی كلاسیكۆ ده‌كه‌ن

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول
پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول

لە یاریی لوتکەی گەڕی 31ـی پرێمه‌رلیگ، مانچێسته‌ر سیتی لە یاریگای خۆی له‌ كاتژمێر 06:30ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی هه‌ولێر، پێشوازی لە لیڤەرپوولی دووەمی ریزبەندی دەکات، ستیزن لەوەتەی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی 2015 لە یاریگای خۆی بە رێدز نەدۆڕاوە.

مانچێستەر سیتی ئەگەر بیەوێت هەنگاوێکی گەورە لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیک بکەوێتەوە، ئەوا پێویستە لە یاری ئەمڕۆ بەرامبەر رکابەرە سەرەکیەکەی کە لیڤەرپوولە، بردنەوە بەدەست بێنێت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر بدۆرێن، هەم پێشەنگایەتی لەدەست دەدەن، هەمێش تاوەکو رادەیەک ناسناوی ئەم وەرزەیان لەدەست دەچێت.

مان سیتی لە کاتێکدا میوانداریی رکابەرەکەی دەکات، ئەو یانەیە دوایینجار کە لە یاریگای خۆی بەرامبەری دۆڕا بێت، ساڵی 2015 بوو، لەو کاتەوە لیڤەرپوول هیچ یارییەکی لە ئیتیحاد ستادیۆم لە ستیزن نەبردووەتەوە.

ستیزن بە گشتی لە دوایین 12 یاری لە یاریگای خۆی بەرامبەر رێدز، تەنها یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش لە نۆڤێمبەری ساڵی 2015 بوو، لە بەرامبەردا حەوت یارییان بردووەتەوە و لە چوار یاریش هەردوولا به‌رامبه‌ربوونه‌.

فیل فۆدین لە سێ یاریی رابردوو بەرامبەر لیڤەرپوول گۆڵی کردووە، تەنها جەیمی ڤاردی لە لێستەر سیتی زیاتر لەو یاریزانە گۆڵی لە لیڤەر کردووە، کە پێنج یاریی لەسەر یەک بووە.

لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوول دەیەوێت هەر هیچ نەبێت بە خالێکیش لە ئیتیحاد ستادیۆم بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوو بەختی بەدەستهێنانی پێشەنگایەتی و ناسناوی ئەم وەرزەی لەدەست نەچێت.

لیڤەرپوول لە کاتێکدا رووبەڕووی مان سیتی دەبێتەوە، چوار یاریی رابردووی لە رکابەرەکەی نەبردووەتەوە، واتە رێدز لەوەتەی مانگی یازدەی ساڵی 2019 کە دەکاتە نزیکەی سێ ساڵ، نەیتوانیوە لە ستیزن بباتەوە.

محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی رێدز، لە دوایین پێنج یاریی یانەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی چوار گۆڵی کردووە و ئەو یاریزانە موسوڵمانە بە گشتی 9 یاری لە پرێمەرلیگ بەرامبەر ستیزن کردووە و خاوەنی 5 گۆڵ و دوو ئاسیستە.

لیڤەرپوول 10 یاریی رابردووی لە پرێمەرلیگ بردووەتەوە و لەم 10 یارییە هەشت کلین شیتیان هەبووە، ئەو یانەیەیە هەشتەمین جارە لە مێژووی پرێمەرلیگ 10 یاریی بەدوای یەک بباتەوە.

Fly Erbil Advertisment