ئەمەریکا هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا دەکات
ئەو هاوکارییانە توانای نوێ بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەدات

K24 - ههولێر:
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیای راگەیاند و هاوکارییەکانی ئەمریکا لە سەرەتای شەڕ بۆ ئۆکرانیا گەیشتە 2.4 ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
بایدن لە کاتی قسەکردن لەگەل ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە تەلەفۆن پێی گوت هاوکارییەکان سیستەمی بەرگری مووشەکی و مووشەکهاوێژ و تانک و زرێپۆش و هەلیکۆپتەر لەخۆ دەگرێت.
بەگوتەی بایدن ئەو هاوکارییانە توانای نوێ بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەدات لەوانە سیستەمی بەرگری مووشەکەی و تانک و زرێپۆشی گواستنەوەی سەربازان و هەلیکۆپتەری نوێ لەخۆی دەگرێت.
پێشتر ئەمەریکا بۆ دروستنەبوونی گرژی لەگەڵ رووسیا خۆی لە ناردنی چەکی هێرشکەر دەپاراست بۆ ئۆکرانیا بەڵام پێدەچی ئەمریکاو ئیدی گوێ بەوە نادات و هەموو جۆرە چەکێک بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.
ئەمریکا زۆرترین هاوکاری سەربازی ئۆکرانیای کردووە و بەگوتەی کۆشکی سپی تا ئێستا 1400 سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری ستینگەر و 5000 مووشەکی دژە تانکی جاڤلین و 7000 چەکی دژە تانکی دیکەی داوەتە ئۆکرانیا.
کۆشكی سپی ئاشكراشی کردووە سەدان درۆنی هێرشکەری سوێچ بلاید و 7000 تفەنگی شەڕکردن و 50 ملیۆن گووللـە و مووشەکی لێزەری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پووما و سیستەمی بەرگری راداری دژە درۆن و تانک و سیستەمی پەیوەندی بۆ ناردوون.
رووسیاش رایگەیاند ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج و هێرشیش دەکەنەوە سەر کیێڤ ئەگەر ئۆکرانیا هێرشەکانی نەوەستێنێت.