رۆژانە 102 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت، رۆژانە 102 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 69 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان و 168 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی وشکانییەوە فرۆشراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە 1 تا 18ی تشرینی دووەمی 2026، عێراق بە گشتی زیاتر لە 63 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەمەش تێکڕای فرۆشی رۆژانەی گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 522 هەزار بەرمیل نەوت.

سەرچاوەکە وردەکاریی هەناردە و فرۆشی نەوتەکەی بەم شێوەیە خستەروو:

- نەوتی هەرێمی کوردستان: رۆژانە 102 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

- نەوتی کەرکووک: لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، رۆژانە 69 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

- رێگەی وشکانی: عێراق لە رێگەی وشکانییشەوە رۆژانە 168 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە رەشنووسی بودجەی 2027ـیشدا، تێکڕای هەناردەی عێراق بە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بە نرخی 60 دۆلار خەمڵێنراوە، لە کاتێکدا لە بەندی 10ـدا هەرێم بە هەناردەکردنی 445 هەزار بەرمیل پابەند کراوە و بەرهەمهێنانی گشتیی عێراقیش پێنج ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە لە چوارچێوەی سنووری هەناردەی چوار ملیۆن و 330 هەزار بەرمیلی رێکخراوی ئۆپێکدا.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە 25ی ئاداری 2023ـدا و دوای بڕیاری ناوبژیوانیی پاریس بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و شەش مانگ راگیرا و لە 27ی ئەیلوولی 2025 بە رێککەوتنێکی سێقۆڵیی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستی پێکردەوە.