"ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری 40 ملیۆن كه‌سه‌كه‌ سێیه‌مین یاریی له‌م وه‌رزه‌ ده‌كات"

ئەمڕۆ داڵکورد سێیەمین یاریی خۆی لە خولی پلەیەکی سوید دەکات و چاوی لە دووەمین سەرکەوتنی ئەم وەرزەیە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، یانه‌ی داڵکورد لە گەڕی سێیەمی خولی پلەیەکی سوید لە کاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ بە کاتی کوردستان میوانداریی هاڵمستاد دەکات.

داڵکورد دوای گەڕانەوەی بۆ خولی پلەیەکی سوید تا ئێستا دوو یاریی کردووە و لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر یانەی نۆربی دۆڕا، بەڵام لە گەڕی رابردوو سەرکەوتنێکی بە نرخی بەدەستهێنا و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە تریلیبۆریسی بردەوە.

یانە کوردییەکەی سوید بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی دەبینرێت و رکابەرەکەشی تەنیا خاڵێکی هەیە و لە خانەی دوازدەمە و بە دوای یەکەمین سەرکەوتنی ئەم وەرزەی دەگەڕێت.

یانەی داڵکورد ساڵی 2004 لەلایەن چەند پەنابەرێکی کورد لە سوێد دامەزرا و نوێنەرایەتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات و لەسەر ئاستی میدیاکانی جیهان بە یانەی 40 ملیۆن کەسە بێ وڵاتەکە ناسراوە.

ناوی یانەی داڵکورد لە داڵ و کورد پێک دێت و پێشگری داڵ لە ناوی داڵارنیاوە وەرگیراوە، کە ناوچەیەکە لە سوێد و یانەکەی لێیە، کوردیش وەکو ئاماژەیەکە بۆ ناوی میللەتێکی 40 ملیۆن کەسی.

 

 

Fly Erbil Advertisment