مه‌سرور بارزانی: كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا به‌شێك بوون له چیرۆكی كوردستان
به‌ریتانییه‌كان هاوكاربوون له ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاری ناوخۆیی له هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کواسی کوارتینگ، وەزیری کاروباری وزە و بازرگانی بەریتانیا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا به‌شێك بوون له چیرۆكی كوردستان.
مه‌سرور بارزانی له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا به‌شێك بوون له چیرۆكی كوردستان. هاوكاربوون له ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاری ناوخۆیی له‌ڕێگه‌ی بازرگانی ئۆتۆمبێل، ده‌رهێنانی غازی سووته‌مه‌نی بۆ به‌ده‌ستهێنانی كاره‌بای پاك و خاوێن و به‌هێزكردنی داهاتی گشتی داراییمان".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌ردانێكی فه‌رمی له به‌ریتانیایه و ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له بۆریس جۆنسن، هاوتا به‌ریتانییه‌كه‌ی و ئەماندا میلینگ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کواسی کوارتینگ وەزیری کاروباری وزە و بازرگانی بەریتانیا کۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سرور بارزانی و بۆریس جۆنسن، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.

هه‌روه‌ها له دیداره‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دەرفەتەکانی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا.

هه‌روه‌ها له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ کواسی کوارتینگ وەزیری کاروباری وزە و بازرگانی بەریتانیا، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بە تایبەتی لە بواری وزە و بازرگانی تاووتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی چاکسازیکردن لە سیسمی بانکی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە و سوود وەرگرتن لە توانا و شارەزایی کۆمپانیا بەریتانییەکان لە بواری کەرتی بانکی و وزە بەتایبەتی وزەی پاک و خاوێن و سنووردانان بۆ پیسبوونی هەوا کرا.

H.B