عێراق لە 2022 گەورەترین گەشە لە نێو وڵاتانی عەرەبی تۆمار دەکات
بانکی جیهانی پێشبینی دەکات..
K24 - هەولێر:
بانکی جیهانی پێشبینی دەکات بۆ ساڵی 2022 عێراق گەورەترین گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی و بەرزبوونەوەی پشکی تاک لە نێو وڵاتانی عەرەبی تۆماردەکات.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە بە گوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهان لە مانگی نیسان بڵاوکراوەتەوە، ئابووری عێراق بە رێژەی سەدا 8.9 لە 2022 گەشە دەکات، بەمەش پێش سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بە وڵاتی قەتەریشەوە دەکەوێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووری عێراق لە 2023 دابەزێت، بەڵام هەر لە پێش وڵاتانی عەرەبی دەمێنێتەوە جگە لە میسر نەبێت.
لە راپۆرتەکەی بانکی جیهانیدا هاتووە، گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراق لە 2023 سەدا 4.5 دەبێت، کە ئەوەش هەمان رێژەی وڵاتی قەتەرە، بەڵام پێشبینی دەکرێت گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی میسڕ سەدا 5 بێت.
هەروەها لە رووی پشکی تاک بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە 2022 پێشبینی دەکرێت لە عێراق سەدا 6.3 گەشە بکات، ئەوەش بەرزترین رێژەیە لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا.