کەمبوونەوەی خواست نرخی نەوتی دابەزاند
دووباره تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شانگهای كاریگهری لهسهر دابهزینی نرخی نهوت درووست كرد

K24 - ههولێر:
نرخی نەوتی بۆ کەمترین ئاستەکانی دوو هەفتەی رابردووی دابەزی، بەمەش درێژەی بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردوویدا، هۆکارەکەشی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە شانگهای و ئەگەرەکانی بەرزکردنەوەی نرخی سوودە لە لایەن بانکی فیدراڵی ئەمهریکاوە، کە پێشبینی دەکرێت زیانی بە گەشەی ئابووری جیهانی بگەیەنێت.
لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرێژەی سەدا 3 بۆ 103.50 دۆلار دابەزی. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 3.0 بۆ 99.06 دۆلار دابەزی.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی دووبارە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەسەڵاتدارانی شانگهای دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی و سەپاندنی کەرەنتین کردووەتەوە، کە ژمارەی دانیشتووانە ئەو شارە نزیکەی 25 ملیۆن کەسە و پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆتایی هەفتەی رابردوو، جێرۆم پاول سەرۆکی ئەنجوومهنی یەدەگی فیدراڵی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەدا، بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە بڕی نیو خاڵی سەدی بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی ئەنجوومەنەکەیان دەبێت. کە وا بڕیارە لەمساڵدا چەند جارێکی نرخی سوود بەرزبکەنەوە.