عەلی عەلاوی: دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستمان بە هاوکاری نییە
وەزیری دارایی عێراق: بەم نزیکانە لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی کۆدەبینەوە

K24 - هەولێر
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی لە عێراق کۆدەبنەوە. ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستیان بە هاوکاری نییە.
وەزیری دارایی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و دامەزراوە داراییەکانی دیکە لە واشنتن زۆر باش بوو.
روونیشی کردەوە، کە لەگەڵیان گەیشتوونەتە چەند رێککەوتن، لە دیارترینیشیان پاڵپشتی ئەو دامەزراوانە بوو بۆ چاکسازی و پاڵپشتیکردن لە پەڕاوی چاکسازی.
گوتیشی، لە ئایندەیەکی نزیکدا، دوای جەژنی رەمەزان لە بەغدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و کە کۆبوونەوەکە بە بەشداری راوێژکاران دەبێت و تایبەتە بە پاڵپشتی تەکنیکی عێراق.
لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا وەزیری دارایی گوتی، رێککەوتنامەی ستراتیژییان لەگەڵ وڵاتەکە هەیە بە تایبەت لە بواری ئابووریدا، جەختی کردەوە، کە ئامادەکارییەکان لەسەرجەم ئاستەکان لە نێوان هەردوو وڵات هەیە.