"پاریس بڕیاری گۆڕینی راهێنه‌ری دا"

یانه‌ی پاریس سانجێرمان دوای مسۆگه‌ركردنی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی فه‌ره‌نسا، راسته‌وخۆ بڕیاریداوه ماوریزیۆ پۆچیتینیۆ له پۆسته‌كه‌ی دووربخاته‌وه، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ئه‌م گرێبه‌سته به‌شێوه‌یه‌كی دۆستانه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه.
رۆژنامه‌ی (لی پارزیان)ـی فه‌ره‌نسا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه دوای ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه پاریس له دوایین یاریی 1 ـ 1 له‌گه‌ڵ لانس به‌رامبه‌ربوو به‌مه‌ش به فه‌رمی بووه پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی پله‌یه‌كی فه‌ره‌نسا، به‌ڵام ئه‌م ناسناوه به‌س نییه و نابێته هۆی ئه‌وه‌ی پۆچیتینیۆ له پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه و بڕیاری دوورخرانه‌وه‌ی دراوه، به‌ڵام ھێشتا رانه‌گه‌یندراوه.
پۆچیتینیۆ ئێستا 16 مانگ له گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان ماوه، ئه‌گه‌ر پاریس پێش ئه‌م واده‌یه دووری بخاته‌وه ئه‌وا ده‌بێت 12 ملیۆن یۆرۆ وه‌كو قه‌ره‌بوو بداته پۆچیتینیۆ.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، كارگێری پاریس سانجێرمان ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی دۆستانه پۆچیتینیۆ رازی بكه‌ن گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌و پاره زۆره رزگار بكه‌ن.
یانه‌ی پاریس سانجێرمان بژارده‌یه‌كی دیكه ده‌خاته به‌رده‌م پۆچیتینیۆ بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌ڕێنێته‌وه تۆتێنهام و له به‌رامبه‌ردا ئا‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری ئه‌و یانه بكاته شوێنگره‌وه‌ی.
به گوێره‌ی میدیایه‌كانی به‌ریتانیا، پۆچیتینیۆ یه‌كێك بوو له بژارده‌كان بۆ راهێنه‌رایه‌تیكردنی مان یونایتد، به‌ڵام كارگێری ئه‌و یانه‌یه به فه‌رمی ئیریك تێن هاگی هۆڵه‌ندییان كرده راهێنه‌ر، له ئێستا باشترین بژارده بۆ پۆچیتینیۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ یانه‌كه‌ی پێشووی كه تۆتێنهامه.
رۆژنامه‌ی (لی پارزیان) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه ئا‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری یانه‌ی تۆتێنهام رازیبووه ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیكردنی یانه‌ی پاریس سانجێرمان وه‌ربگرێت، به‌وپێیه‌ی له ئێستادا پاریس سانجێرمان بۆ راهێنه‌رێكی نوێ هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌م نه‌ماوه، تاكه ئامانجی ئه‌و یانه‌یه زینه‌دین زیدان بوو، به‌ڵام ئه‌و راهێنه‌ره‌ش یه‌كێكه له به‌ربژێره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له دوای مۆندیالی 2022 له شوێنی دیشامپ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا وه‌ربگرێت، بۆیه تاكه بژارده له‌به‌رده‌م كارگێری پاریس سانجێرمان ته‌نیا ئا‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری ئیتاڵییه.