ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان: پێكدادان له شنگال دروست ده‌بێت
" له داهاتوودا په‌كه‌كه كێشه‌ی زۆر گه‌وره بۆ شنگال دروست ده‌كات"

K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه رۆژنامه‌وانییه‌كان داعش له عێراق خۆیان رێك ده‌خه‌نه‌وه، پتر له هه‌شت هه‌زار چه‌كداریان له عێراقدا بڵاوه پێكردووه، به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه پێیان ده‌گوترێت بۆشایی ئه‌منی.
لیوا عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌و ناوچانه‌ی كه بۆشایی ئه‌منیان تێدایه، هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام له نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراقدا هه‌یه، پێشتر ئه‌وه‌مان باسكردووه له‌و شوێنانه‌دا ته‌نیا سوپای عێراقی لێ نییه، بوونی هێزی زۆری دیكه ده‌بنه هۆی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعش.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان راشیگه‌یاند، رێكه‌وتن له‌و ناوچانه‌ی پێان ده‌گوترێت بۆشایی ئه‌منی په‌یوه‌سته به رێكه‌وتنه سیاسییه‌كان، هه‌روه‌كو له شنگال ده‌بینرێت دۆخه‌كه چه‌قبه‌ستووه، ئه‌و دوو لیوایه‌ی بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه پێكهێنراون به‌هۆی ناكۆكییه سیاسییه‌كان ناكه‌ونه كار.
لیوا عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، داعش رۆژانه هێرش ده‌كاته سه‌ر مۆڵگه سه‌ربازییه‌كان، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه داعش كۆتایی نه‌هاتووه.
هه‌روه‌ها لیوا عه‌بدولخالیق ته‌لعه‌ت گوتی: "رێكه‌وتنی شنگال باشترین ئالییه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌هۆیه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان، ئه‌ركه‌كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر سوپای عێراق ده‌بێت وا بكه‌ن ته‌واوی هێزه‌كانی ناو شنگال به زه‌بری چه‌ك بخه‌نه ده‌ره‌وه، ره‌نگه له داهاتوودا پێكدادان له شنگال له نێوان سوپای عێراق و هێزه‌كانی دیكه رووبدات، چونكه قه‌زای شنگال بۆ عێراق، هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه پێگه‌یه‌كی ستراتیژییه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه گوتیشی: "له داهاتوودا په‌كه‌كه كێشه‌ی زۆر گه‌وره بۆ شنگال دروست ده‌كات، جیا له‌وه‌ش هه‌ندێ وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش ده‌ستیان له تێكدانی دۆخه‌كه هه‌یه".
ئه‌مه له كاتێكدایه، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به كوردستان24ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆری تانكی سه‌ربازی، چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازیی عێراقی گه‌یشته سنووری قه‌زای شنگال.