گواردیۆلا جه‌نگی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ریال مه‌دریدی راگه‌یاند

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی
پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی

مانچێستەر سیتی پێش ئەوەی گەشتی مەدرید بکات، لە شاری مانچێستەر دوایین مەشق و ئامادەکاریی بۆ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجام دا، پێپ گواردیۆلا له‌ باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید رایگه‌یاند كه‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یان زۆر جیاواز ده‌بێت.

کایل وۆلکەر کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریی یەکەم ئامادە نەبوو، بە تەواوەتی ئامادەیە و بەشداریی راهێنانەکانی سیتیزنی کرد، جواو کانسێلۆش یەکێکی دیکە بوو لە ئامادەنەبووەکانی یارییەکەی ئیتیحاد و دوای تەواوبوونی سزایەکەی بۆ یارییەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەردەست دەبێت، بەڵام جۆن ستۆنز بۆ یارییەکە ئامادە نابێت.

گواردیۆلا: ئه‌نجامی ئه‌مجاره‌ به‌دڵی ئێمه‌ ده‌بێت

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له‌ پرێس كۆنفرانسێك له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید رایگه‌یاند كه‌ له‌ یاریی رابردوو ده‌یانتوانی گۆڵی زیاتر تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام به‌ختیان نه‌بووه‌، ده‌شڵێت: به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ین و ئه‌نجامه‌كه‌ به‌دڵی ئێمه‌ ده‌بێت.

گواردیۆلا ده‌شڵێت: کایل وۆلکەر بەشداریی راهێنانەکانی کردووە و لەگەڵمان گەشت دەکات، بەڵام دوایی بڕیار دەدەین ئایا بەشداریی یارییەکە دەکات یان نا، من نازانم بەهەمان پێکهاتەی یاریی یەکەم یاریی دەکەم یان نا، بەڵام گرنگ ئەوەیە پێکهاتەیەک دادەنێم بۆ ئەوەی بتوانین سەربکەوین، ئێمە لە یاریی یەکەمیش گوتمان ئامانجمان ئەوەیە بۆ دووەم وەرز لەسەریەک بگەینە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

گواردیۆلا گوتیشی: من بۆ وەرگرتنی رێنمایی و زانیاریی لەسەر ریال مەدرید هیچ قسەیەکم لەگەڵ چاڤی نەکردووە، چونکە ئێمە یاریزانەکانمان لەگەڵ یەکتری جیاوازن، راستە بارسێلۆنا لەناو سانتیاگۆ ٤-٠ لە ریال مەدریدی بردەوە بەڵام من بەشێکی کەمم لەو یارییە بینیوە و پێموایە ئەم یارییە جیاواز بوو، یارییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئێمه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ جیاواز ده‌بێت.

گواردیۆلا كابووسی هانده‌رانی ریال مه‌دریده‌

گواردیۆلا بۆ هاندەرانی ریال مەدرید وەکو کابووس وایە و دوای بردنەوەکەی لە یاریی یەکەم بووە یەکەم راهێنەر لە مێژوودا بتوانێت ١٢ یاریی لە ریال مەدرید بباتەوە، لە کۆی ٢٠ یاری ١٢ بردنەوە و چوار یەکسانبوون و چوار دۆڕانی بەرامبەر ریال بەدەستهێناوە و ٤١ گۆڵی لێکردوون و تەنیا ٢٥ گۆڵی لێکراوە.

لەم هەفتەیە گواردیۆلا لە پرێمەرلیگ بەرامبەر لیدز یونایتد پشووی بە کێڤن دێ برۆین دابوو، بەڵام بۆ یارییەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە دەبێت.

دێ برۆین: ده‌مه‌وێت چامپیۆنزلیگ ببه‌مه‌وه‌

كیڤن دی برۆین كاپتنی یانه‌ی مان سیتی له‌ باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید به‌شداریی له‌ پرێس كۆنفرانسێك كرد و داوای له‌ یاریزانه‌كانی كرد گوێرایه‌ڵی گواردیۆلا بكه‌ن.

دی برۆین گوتیشی: یاریی ئەمجارە تەواو لە یاریی چوون جیاواز دەبێت، هەردوولامان تیپی هیرشبەرین، من تەواو بۆ یارییەکە ئامادەم، هەرچەندە لە یاریی ئاتڵێتیکۆ مەدرید لێدانی زۆرم بەرکەوت، بەڵام هەست بە باشی دەکەم ئێستا، من دەمەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنم و هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ.

دی برۆین ده‌شڵێت: گواردیۆلا راهێنەرێکی نایابە و رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئاستی من هەبووە، هەر کاتێک ئێمە گوێ لە رێنماییەکانی نەگرین حاڵمان خراپ دەبێت، بۆیە پیویستە هەموومان بەیەکەوە یارمەتیدەری یەکتری بین، فیل فۆدین یەکێکە لە باشترین یاریزانە بەهرەمدەنەکانی ئینگلتەرا و دەتوانێت لە بەرامبەر ریال مەدرید جیاوازی دروست بکات.

رێگای سه‌ركه‌وتنی مان سیتی بۆ یاریی كۆتایی

مانچێستەر سیتی بە یەکسانبوونی بە هەر ئەنجامێک و بردنەوەی لە ریال مەدرید بۆ جاری دووەم لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام دۆڕانی بە جیاوازی گۆڵێک دەبێتە هۆی ئەوەی یارییەکە بۆ دوو نیوەی زیادکراو و لێدانە یەکلاکەرەوەکان درێژ بێتەوە کە لە یاریی یەکەم مان سیتی ٤-٣ لە ریال مەدریدی بردەوە.

 

Fly Erbil Advertisment