رووسیا داوای پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە ئێران دەکات

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی رووسیا پارچە یەدەگەکانیان لە ئێران دەوێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی داوای پارچەی یەدەگ لە ئێران دەکەن، ئێرانیش ئەوە بە دەرفەت دەزانێت بۆ هەناردەکردنی ئەو پارچە یەدەگانە.

ئەندامێکی سەندیکای بەرهەمهێنەرانی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران رایگەیاند، بەرهەمهێنەرانی ئێران دەرفەتێکیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی کەرەستەکانیان هەناردەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی رووسیا بکەن.

روونیکردەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە دیارەکانی رووسیا، داوای کەرەستەی یەدەگی ئۆتۆمبێلیان لە ئێران کردووە، بەڵام ئاماژەی بەهیچ براندێکی رووسی نەداوە.

گوتیشی "ئەو پارچانەی کە کۆمپانیاکانی رووسیا داوایان کردووە بریتین لە: پارچەکانی ئیستۆپ، کیسی پەرەشووت، پارچەکانی ساردکەرەوە و چەندین پارچەی دیکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمەریکا سزای بەسەر رووسیا و ئێران سەپاندووە، بەڵام هەناردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلی ئێرانی ناکەوێتە ژێر سزاکان.

لە هەمانکاتدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئێرانەوە ناکەوێتە ژێر سزاکان، سەرەڕای ئەوەش تاران لە ساڵی 2018ـەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی هاوردە نەکردووە. لەو کاتەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی کشایەوە و جارێکی دیکە سزای بەسەر کەرتی نەوتی و بانکەکانی ئێران سەپاند.