کۆمپانیایەکی هونەریی فلیمسازی كوردی بەریتانی خەڵات دەکرێت
كۆمپانیاكه خاوهنی فیلمی "پێشمهرگه"یه و تا ئێستا 14 خهڵاتی بهدهستهناوه

K24 – ئەوروپا:
ئەزغەر خان، پارێزگاری لیدز بەریتانیا، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە یەكەم كۆمپانیای ھونەری كوردی بەریتانی، بەناویی كۆمپانیای كام فیملینیگ پرۆدۆكشن.
كامەران كەریم، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای کام فیلمینگ پرۆدەکشن بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەزغەر خان، پارێزگاری لیدز لە دیوانی مێژوویی شارەكە، پێشوازی لە میدیاكار و کارمەندانی کۆمپانیاکە کرد و لە وتەیەكدا جگە لە دەستخۆشی بۆ کار و بەرهەمەکانیان، پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئەو كۆمپانیا كوردییە بەریتانیە دووپاتكردهوه، لە پێناو نزیككردنەوەی رەوەندی كوردی لەگەڵ تەواوی رەوهندەكانی دیكەی ئهو وڵاته.
پارێزگاری لیدز لەكاتی پێشوازیكردنی لە میدیاكاران و کارمەندانی كام فیمڵمینگ پرۆدەكشن، بەش و هۆڵ و شوێنە مێژووییەكانی دیوانی پارێزگای پیشانی ئامادەبووان دا و باسی لە رۆڵی دانیشتووانی شارەكە كرد، کە رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە بەرز راگرتن و هێشتنەوەی بەریتانیا وەك وڵاتێكی مەزن.
كامهران كەریم گوتی: پارێزگاری لیدز باسی لە گرنگی رەوەندی كوردی لە بەریتانیا كرد و ئاماژەی بە سەركەوتن و كارەكانی كام فیلمینگ پڕۆدەكشن كرد، كە بە توانایەكی كەم توانیویانە پەرە بە كاری میدیایەكەیان بدەن.
گوتیشی: ئەو خەڵاتکردنە جێی خۆشحاڵییە و لەهەمانکاتدا هاندانێکیشە بۆ کار و بەرهەمی باشتر، مرۆڤ کاتێک خەڵاتدەکرێت هەموو ماندووبوون و کێشەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی کارەکان لەیاد دەکات و هەستدەکات کارەکان گەیشتوونەتە جێی مەبەست، ئێمەش سوپاس و پێزانینی خۆمان گەیاندە پارێزگاری لیدز بۆ ئەو بانگهێشتکردن و بەخشینی خەڵاتی رێزلێنانە و پشتگیرییەی بۆ کۆمپانیاکەمانی دهربڕیوه.

كۆمپانیای كامفیلمینگ پرۆدۆكشن ساڵی 2014 وەك كۆمپانیاییەكی هونەری كوردی بەریتانیایی لە حكومەتی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا مۆڵەتی فەرمی و كاركردنی وەرگرتووە. لەو کاتەی دەست بەکاربووە، دەیان ریكلامی بازرگانی بە كوالیتی بەرز لە ئاستی كۆمپانیا جیهانییەكان لەگەڵ دەیان بەرنامەی دۆكیۆمێنتاری و بەرنامەی تەلەفزیۆنی بە زمانە جیاوازەكان بەرهەمهێناوە.
بەشێك لە بەرهەمەكانی لە ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان خەڵاتی جیاوازی وەرگرتووە و لە دەیان ڤیستیڤاڵیش وەك بەرهەمەیێکی تاقانەی كوردستانی دەركەوتووە، كە دیارترین بەرهەمی كام فیلمینگ پرۆدەكشن ''پێشمەرگە''یە لە بەریتانیا بەزمانی ئینگلیزی بووە و بەشداری زیاتر لە 30 ڤیستیڤاڵی جیهانی كردووە، 14 خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها بەرهەمی ''لە یادمان مەكە'' بە زمانی ئینگلیزی بەرهەمهێنراوە و لە 38 ڤیستیڤاڵی جیهانی بەشداریکردووە و 16 خەڵاتی بەدەستهێناوە.