دژە تیرۆری عێراق و کوردستان هەماهەنگی زیاتر دەکەن
یەکەم کۆنفرانسی هاوبەشی دژە تیرۆری عێراق و کوردستان بەڕێوەچوو

K24 – بەغدا
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە ژێر چاودێری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق یەکەم کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆری هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا هەڵمەتێکی گەورە بۆ دەستگیرکردنی شانە نوستووەکانی داعش و سەرکردەکانی ئەو گرووپە ئەنجام بدرێت، هەروەها برەو دەدەن بە ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، لە داهاتووشدا مەشق و راهێنانی سەربازی هاوبەش رێکدەخەن.
عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق مستەفا کازمی، لەبارەی زیادکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان دەزگاکانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم کۆنفرانسەمان رێکخست، کە تایبەت بوو هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئۆپراسیۆنەکان، هەروەها رێکخستنەوەی مەشق و راهێنان و دۆسیە یاساییەکانیش، لەوبارەوە کۆمەڵێک بڕیارمان لە دەرکرد، بۆ ئەوەی ببن بە بنەمای کاری هاوبەشی دەزگای دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ئاسایش لە تەواوی عێراق بەرقەراربێت".
لە سەرەتای ساڵی 2021وە دەزگاکانی دژە تیرۆر لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی و ئەنبار، هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنی شانە نوستووەکانی داعش و سەرکردەکانی ئەو گرووپە تیرۆرستیەیان ئەنجامداوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرکەوتووی ئەو دەزگایانە تەماشا دەکرێت، بۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوای لە دژە تیرۆر کردووە، هەمەهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش بکەن، تاکو ئەو جۆرە هەڵمەتانە بەرفراوان بکەن.
سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق گوتی: "لە ماوەی ساڵی رابردوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستکەوتی زۆر باشمان هەبوو، بۆ دەستگیرکردنی تیرۆرستانی داعش، کە خۆیان لە هەرێمی کوردستان حەشاردابوو، چونکە وایان دەزانی کە کوردستان دەبێتە مۆڵگەیەکی ئارام بۆیان، بەڵام هێزە هاوبەشەکانمان توانیان لەو ساڵە زۆربەیان دەستگیر بکەن، کە ناوی خۆیان گۆڕی بوو، تەنانەت شێوەی خۆشیان گۆڕیبوو لە ناو رێکخستنەکانیان نەدەناسرانەوە".
دەزگای دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان پلانەکانی بە جۆرێک چڕکردووەتەوە، کە کار بۆ ئەوە دەکەن شاروشارۆچەکانی هەرێم و تەنانەت بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاستی عێراقیش خاڵی بکەن، لە هەر کردەوەیەکی تیرۆرستی، بۆیە ئەمە وایکردووە ئەو ناوچانە نەبێتە شوێنێکی ئارام بۆ تیرۆرستان داڕشتنی پلانەکانیان.