نێچیرڤان بارزانی: نه‌بوونی سه‌قامگیری رێگربووه عێراق ببێته یه‌كێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان
"ئه‌گه‌ر ميانڕه‌وى نه‌بێت، قاعيده و جوندولئيسلام و داعش و كاره‌ساتى دیكه لەم وڵاتەدا دايك ده‌بن"

K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی به‌شداریكردنی كۆنفرانسی "ئاشتی له رێگه‌ی میانڕه‌وی" رایگه‌یاند، به‌هۆی نه‌بوونی ئاشتی و میانڕه‌وی له عێراق، دۆخی ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ر و جیهانیشی تێكداوه، نه‌بوونی سه‌قامگیری رێگربووه عێراق ببێته یه‌كێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان.
نێچیرڤان بارزانی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (30ی ئایار/ مایۆی 2022) له كۆنفرانسی "ئاشتی له رێگه‌ی میانڕه‌وی"، كه له‌لایه‌ن رێكخراوی سپاركی هۆڵه‌ندییه‌وه رێكخرابوو، گوتی: "جیهان به ده‌ست كۆمه‌ڵێك قه‌یران و تهحیدیاتهوه ده‌ناڵێنێت، ئێستا ئاشتی له هه‌موو كاتێك پێویستتره، به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ی رووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه، ئاشتی له مه‌ترسیدایه.
ده‌قی گوتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسی "ئاشتی لە رێگەی میانڕەوی":
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ پێكه‌وه به‌شدارین له‌م كۆنفرانسه‌دا. ده‌ستخۆشى له رێكخراوى سپاركى هۆڵه‌ندى و هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه ده‌كه‌م، كه رۆڵيان له سازدانى ئه‌م كۆنفرانسه‌دا گێڕاوه. ئه‌مه ده‌رفه‌تێكى باشه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى بابه‌تێكى گرنگ، ده‌رباره‌ى ئاشتى و، (ميانڕه‌وى وه‌ك رێگه‌يه‌ك بۆ ئاشتى)، قسه و گفتوگۆ بكه‌ين. سوپاستان ده‌كه‌م.
به‌ڕێزان..
له كاتێكدا جيهانى ئه‌مڕۆمان به ده‌ستى كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دى و قه‌يرانى جياوه ده‌ناڵێنێت، ئاشتى له هه‌موو كاتێك پێويستترە. لێكه‌وته‌كانى كۆرۆنا به‌تايبه‌تى له بوارى ئابووريدا، تيرۆر و توندڕه‌وى، شه‌ڕ و پێكدادان، ناكۆكيى سياسى و جيۆسياسى، کارکردن به لۆژيكى هێز، قسه‌كردن به زمانى چه‌ك، هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌ژموون و هه‌تا دوايى، خه‌ريكه ئاشتيى جيهان ده‌خاته ژێر مهترسييهكى راستهقينهوه! رووداو و پێشهاته‌كان به جۆرێكن، نيگه‌رانى و پرسيارێكى ئازاربه‌خش، خه‌ريكه مێشكى زۆربه‌ى مرۆڤايه‌تى سه‌رقاڵ ده‌كات: ئايا جيهان به‌ره‌و جه‌نگێكى ديكه‌ى نێوان زلهێزه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت؟!
له دۆخێكى ئاوادا، ره‌نگه بۆ کەم شوێنى ديكه‌ى سه‌رزه‌مين، هێنده‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى پێويستييه‌كى له‌پێش بێت! بۆ سهرزهمينێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌وه‌نده پێكهاته‌ى جياى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينى، به مێژوويه‌كى پڕ له تاڵى و ناخۆشى، پڕ له شه‌ڕ و خوێن و كاره‌سات، ره‌نگه هيچ شتێكى ديكه، هێنده‌ى ئاشتى و پاراستنى ئاشتى بۆ ئه‌م ناوچه‌يه پێويست نه‌بێت!
ئه‌گه‌ر عێراق وه‌ك نموونهيهكى بچووكى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وه‌ربگرين، ده‌بينين ئاشتى و سه‌قامگيرى له عێراق، چه‌ند بۆ خۆى گرنگ و پێويسته، هێنده و بگره زياتريش بۆ ئاشتى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه، گرنگ و پێويسته! به درێژاييى مێژووی وڵات، نه‌بوونى ئاشتى و سه‌قامگيرى له عێراق، نائارامى و ناسه‌قامگيرى له ناوچه‌كه به شێوەیەكی گشتى دروست كردووه! ده‌وڵه‌مه‌ندى و سامانێكى زۆرى به هه‌ده‌ر داوه، كه له‌گه‌ڵ ميانڕه‌وى و ئاشتيدا، ده‌كرا عێراق بكاته يه‌كێك له باش‌ترين و پێشكه‌وتووترين وڵاتانى ناوچه‌كه و جيهان.
لێكه‌وته‌كانى نه‌بوونى ئاشتى و ناسه‌قامگيرى له عێراق، زۆر جار دۆخى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و ناوچهكهيشى تێكداوه! ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ى له ئاشتيى جيهانيش كردووه!
ئه‌گه‌ر نهچينهوه سه‌ر مێژووى كۆنى ناكۆكى و پێكدادانى مه‌زهه‌بى و تائيفى و نهتهوهييش، هه‌ر ته‌نيا باسى مێژووى نوێى عێراق بكه‌ين، ده‌بينين ئه‌و سته‌مه‌ى هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عێراق له گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى كراوه، چه‌ند شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌ساتى بۆ عێراق و ناوچه‌كه به‌دواى خۆي‌دا هێناوه! ده‌بينين لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند زيانيان به ناوچه‌كه و ئاشتى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه گه‌ياندووه!
شه‌ڕى عێراق ـ ئێران، دواتر داگيركردنى كوه‌یت له‌لايه‌ن عێراقه‌وه، دروستبوون و هاتنى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ رزگاركردنى كوه‌یت و شه‌ڕى دووه‌مى كه‌نداو، شه‌ڕى رزگاريى عێراق و هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ى دواى ئه‌وه تا سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌م ناوچه‌يه هاتنه ئاراوه، كه هاوسه‌نگيى هێز و به‌رژه‌وه‌ندى و هاوسه‌نگيى سياسيى وڵاتانى له ناوچه‌كه بە تەواوەتی گۆڕى، هه‌موويان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى: له عێراق ئاشتى و بیری ئاشتی و میانڕەوی سه‌قامگيرى نه‌بوو!
دواى ئه‌و رابردووه تاڵه، ئايا ده‌بێت چيتر رووبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئێمەی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە تێبگه‌ين كه پێويستيمان به ئاشتييه؟ پێویستیمان بە میانڕەوییە؟
ئاشتييهكى راسته‌قينه كه بڕوا و متمانه و دڵنيايى دروست بكات! تێيدا هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌بێك بن، هه‌ر بيروبۆچوون و تێڕوانينێكيان هه‌بێت، پێكه‌وه به ئاشتى، تهبايى و لێبورده‌يى بژين و لە هەمووی گرنگتریش لە وڵاتێكدا، لە جوگرافیایەكدا كە پێی دەوترێت عێراق يه‌كتر قبووڵ بكەن. ئاشتييه‌ك ژيان و ئازاديى هه‌مووانى تێدا پارێزراو بێت. ئاشتييه‌ك، سايه و كۆكهرهوهى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق بێت و تێيدا تايبه‌تمه‌ندى و ماف و شايسته‌كانى هه‌مووان، به‌پێى ده‌ستوور و ياسا مسۆگه‌ر و پارێزراو بن!
له عێراق ئاشتييهكى وا چۆن دێته ئاراوه؟ پرسیارەكە ئەوەیە؟
له‌گه‌ڵ لێبورده‌يى، تهبايى، پاراستنى فره‌يى، رێزگرتن له به‌رامبه‌ر و جياوازييه‌كانى، به دڵنيايييه‌وه ميانڕهوييش يه‌كێكه له‌و ستوونه هه‌ره سه‌ره‌كييانه‌ى ئاشتى له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت.
له عێراق، به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، كه وه‌ك گوتم نموونهيهكى بچووكى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته، هه‌ر له ژيانى تاكه كهسيمانهوه، تا به‌رزترين پله‌ى ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن، به ناوه‌نده ئايينييهكانيشهوه، پێويستيمان به ميانڕهوييه. پێويستيمان به قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى ناتوندوتيژييه. بۆيه ده‌بێ ميانڕه‌وى له هه‌موو شوێنێكی ژیان ئاماده بێت. به‌تايبه‌تى له‌ناو خێزان، له سيستمى په‌روه‌رده و خوێندندا، هه‌روه‌ها له په‌يوه‌ندى و مامه‌ڵه‌ى سياسيشدا.
له عێراق، بۆ هه‌موومان، هه‌ر له تاك و خێزانه‌وه، تا هێز و لايه‌ن و سه‌ركرده سياسييه‌كان، تا گه‌وره و رێبه‌ره ئايينييه‌كان، له هه‌موو چين و توێژه‌كاندا، ميانڕه‌وى رێگه‌يه‌كى دروست و پێويست و له‌پێشه بۆ ئاشتى، بۆ پێكه‌وه‌ژيان، بۆ يهكترقبووڵكردن و بۆ لێبورده‌يى.
بۆ ئه‌وه‌ى رێزی به‌رامبه‌ر بگرین، لێى تێبگه‌ين، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لە بیروبۆچوونمان ده‌بێ ميانڕه‌و بين. ميانڕه‌وى، هێز و دانايى و متمانه و بڕوابه‌خۆبوونه، كه ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌هێنێته ئاراوه. له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه و فرئايين و فره‌مه‌زهه‌بى وه‌ك عێراق، ئه‌گه‌ر ميانڕه‌وى نه‌بێت، قاعيده و جوندولئيسلام و داعش و كاره‌ساتى دیكه لەم وڵاتەدا دايك ده‌بن. به‌وپه‌ڕى خوێنساردييهوه له به‌رده‌م كامێراكاندا سه‌ر ده‌بڕن، مل ده‌په‌ڕێنن و له‌گه‌ڵ ئەو كارانەی كە دەیكەن، پێشدهكهنن!
رابردووى عێراق به هه‌موو شه‌ڕ و كاره‌سات و ماڵوێرانييهكانييهوه، ده‌بێ بۆ هه‌موومان ببێته په‌ند. ببێته وانه‌يه‌ك، رێنيشاندهرمان بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوويهكى باشتر بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە. به‌ره‌و بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك، ره‌نگدانه‌وه و ده‌ربڕى فره‌يى و جياوازى و ماف و شايسته و خواست و هيواى پێكهاته‌كانى ئەم وڵاتە بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له بيسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه تا ئێستا، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق مامه‌ڵه‌يه‌كى واقعييان له‌گه‌ڵ دۆزى گه‌لى كوردستاندا كردبا، ئه‌گه‌ر له جياتى شه‌ڕ و به‌كارهێنانى لۆژيكى هێز، واقعيانه هه‌ڵسوكه‌وتيان بكردبا و پەنایان بۆ چه‌ك و شه‌ڕ نه‌بردبا، ئه‌گه‌ر له جياتى ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق بۆ چاره‌سه‌رى واقعى گه‌ڕابان و خه‌مى داهاتووى وڵاتيان ههبووايه، بێگومان ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و مهينهتيانه به‌سه‌ر گه‌لى عێراقدا نه‌ده‌هاتن. عێراق ئێستا قه‌ده‌رێكى ديكه‌ى ده‌بوو.
ئێستاش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافه دهستوورييهكانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئەو پێكهاتانەی كە لە هەرێمی كوردستاندان، له عێراق پێويستميان به خوێندنه‌وه و تێگه‌يشتن و چاره‌سه‌رى واقعى هه‌يه، كه ماف و ئازادى و ئاشتى بۆ هه‌موو عێراقييه‌ك زامن بكات.
به‌ڕێزان..
هه‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا له پرۆسه‌ى سياسيدا له عێراق ده‌گوزرێت، ئه‌و چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌سته‌ى دروست بووه، بريتييه له نه‌بوونى ميانڕه‌وى! خۆ ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌كان، تۆزێك ميانڕهوييان بنواندبا و به نه‌رمى مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكردبا، پرۆسه‌ى سياسى به ئاقارێكى ديكه‌دا ده‌ڕۆيشت. بێگومان مەبەستم عێراقە، لەگەڵ عێراقیش هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق، ئەم پرۆسەیە هێنده سه‌خت و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو! به‌ڵام كاتێك له جياتى ئه‌وه، ده‌مارگيرى و توندى له هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه، قسه ده‌كات و بڕيار ده‌دات، سه‌ره‌نجام ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى لێ ده‌كه‌وێته‌وه لە وڵات‌دا.
ئێستاش بۆ ده‌رچوون له‌م بنبه‌سته، هه‌موو لايه‌نه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ميانڕه‌وى و بۆ گفتوگۆ، لێكگه‌يشتن، يهكترقبووڵكردن، رێزگرتن له مافى هه‌مووان و ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات و میللەت، كە دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژوەندییەكی دیكه بێت. ميانڕه‌وى ده‌توانێت ديواره ده‌روونييه‌كان بشكێنێت، رق و كينه و ئاره‌زووى تۆڵه و يهكترشكاندن بشواته‌وه و ده‌رگا به‌سه‌ر ئاشتى و سهقامگيريدا بكاته‌وه.
پێكهاته‌كانى عێراق ته‌نيا به لێبورده‌يى، پێكهوهيى و تهبايى ده‌توانن له ئاشتيدا بژين. بۆ وڵاتانى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پێكهاتهكانيشيان هه‌ر وايه. ئيتر ده‌بێ رابردوو فێرى كردبين، بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى، ده‌بێ هه‌موومان بیر لە میانڕەوی و بیر لە ئاشتی بكەینەوە. ئاشتى و دۆزينه‌وه‌ى رێگه‌كانى، ئيتر به‌رپرسياريه‌تى و ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی وڵاتە لەگەڵ ناوچەكە. ئاشتيى هه‌موومان، پێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاشتيى دراوسێكه‌م پارێزراو نه‌بێت، ئاشتيى منيش پارێزراو نابێت!
عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ئارام و سه‌قامگير كه نه‌بنه پێگه‌ى توندڕه‌وى و تيرۆر، نه‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاشتيى و سهقامگيريى ناوچه‌كه و جيهان، نه‌بنه مه‌ترسى له‌سه‌ر مرۆڤايه‌تى، پێويسته رێگەی دیالۆگ و ئاشتی و میانڕەوی بگرنە بەر. بۆيه پاراستنى ئاشتى له ناوچه‌كه، ئه‌ركێكى هاوبه‌شى كۆمه‌ڵگه‌ى نێودهوڵهتيشه. دۆستانمان له جيهان بۆ جێگيربوونى ئاشتى و سه‌قامگيرى، ده‌بێ هاوكار و يارمه‌تيده‌رمان بن. هه‌ر ئه‌وه‌شيان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
هيوادارم هه‌موومان له هه‌رێمى كوردستان، له عێراق و ناوچه‌كه‌ش، ئيتر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتى بۆ هه‌مووان هه‌نگاو بنێين و ئه‌ركى پاراستنى ئاشتى و ئازادی، هه‌موومان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه. هيواى سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجام و راسپارده‌ى باش بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوام.
رۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان..
زۆر سوپاس و بەخێر بێن..