پشتیوان سادق: رێگه ناده‌ین له مینبه‌ره‌وه ته‌كفیری خه‌ڵك بكرێت

K24 – هه‌ولێر:
پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هیچ كاتێك وتاری ئایینی به‌سه‌ر مامۆستایان‌دا نه‌سه‌پاندووه و رێگه‌ش ناده‌ن له مینبهرهكانهوه سیاسه‌ت بكرێت و خه‌ڵك ته‌كفیر بكرێت.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، مه‌راسیمێكی بۆ رێزگرتن له 38 مامۆستای ئایینی به‌ڕێوه‌برد، كه له سێ ساڵی رابردوودا، ماسته‌ر و دكتۆرایان به‌ده‌ستهێناوه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف، له وته‌یه‌كدا باسی له پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته و ئایینه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌و ژیانه‌ی به "هۆی شانازی" هه‌رێمی كوردستان وه‌سفكرد.
وتیشی: مینبه‌ری مزگه‌وت شوێنی ئامۆژگاری و رێنمایی موسڵمانانه نه‌ك ته‌كفیر و حوكمدان له‌سه‌ر خه‌ڵك، كه كێ كافره و كێ موسڵمانه و ئێمه رێگه به‌وه ناده‌ین ئه‌و بابه‌ته له مینبهرهكاندا ده‌ركه‌وێت.
هه‌روه‌ها وتی: مزگه‌وت بۆ په‌رستشه و خه‌ڵك وه‌ك ماڵی خوا روویان تێكردووه، ناكرێت هه‌ر مامۆستایه‌ك بیكاته مینبه‌ر بۆ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی خۆی و خه‌ڵكی پێ چه‌واشه بكات، لایه‌نه سیاسییه‌كان باره‌گای خۆیان هه‌یه و پێویسته سیاسه‌ت له بارهگاكانیاندا بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رێنماییان ده‌ركردووه و هه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌وقاف له‌به‌ر مامۆستای ئایینی هه‌ڵنه‌ستێته‌وه و رێزی شیاوی لێ نه‌گرێت و له پشت مێز دابنیشێت و مامۆستای ئایینی له به‌رده‌میدا بێت، له پۆسته‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه و ئه‌مه رێنمایی و ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.