تورکیا کوژرانی دوو سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند
دوو سەربازی دیکە برینداربوون

K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "پەنجە قوفڵ" لە ناوچە سنوورییەکان، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی سوپادا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا سەبازێک کوژراوە و سێی دیکە بە سەختی بریندار بوونە و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، دواتر یەکێکی دیکە لە برینداران بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە 18ی مانگی نیسانی ئەمساڵ سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "پەنجە قوفڵ"ی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە دەستپێکردووە و تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە.