به‌ریتانیا: كار له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی: بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤ له ئەوروپا بۆ قەدەغەکردنی ناردنی پەنابەران بۆ رواند ناتوانێت بەیەکجاری رێگری لە سیاسەتی بەریتانیا بکات و کار لەسەر دیپۆرتکردنەوەیان دەکەین.
پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگه‌یاند، حکومەتی وڵاته‌كه‌ی لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام دەبێت و ئەو پەنابەرانەی بڕیاری ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر دراوە، كه لە بەریتانیا نەمێنن، ناردنیان بۆ وڵاتی سێیەم بەردەوام دەبێت.
وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا له درێژه‌ی گوته‌كانیدا دووپاتیكرده‌وه، "هەرچەندە دادگای کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ له ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، لە کۆتا خولەکەکاندا به‌ر له‌وه‌ی فرۆکەکە بفڕێت بریاریدا. دەمەوێت بەڕوونی بڵێم: دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا بڕیاری لەسەر سیاسەتی جێگۆڕکێی پەنابەران و یاسایی بوونی نەداوە، تەنیا دیپۆرتکردنەوەی 3 لەو پەنابەرانەی قه‌ده‌غه‌كردووه، كه لە ناو فرۆکەکەدا بوون".
پاتێل ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئەو قەدەغەکردنە بۆ چەند ماوەیەکی جیاواز دەمێنێتەوە، بەڵام بەتەواوی رێگریی لە ئێمە نەکردووە بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانە نەنێرین بۆ رواندا".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "ئەوانەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردوون، دەستنیشانکراون و کار لەسەر جێگۆڕکێ و رەوانەکردنیان دەکەین بۆ دەرەوەی بەریتانیا".
گوتیشی: "دەستێوەردانی دادگای ستراسبۆرگ لە کاروباری یاسایی و ناخۆیی ئێمە جێگەی نائومێدیە و سەرمانه، ئێمە لەسەر سیاسەتی خۆمان بەردەوام دەبین و رێگە نادەین کەس ئەم سیاسەتەمان لێ تێکبدات".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك حكومه‌تی به‌ریتانیا بڕیاری دا، 130 په‌نابه‌ری نایاسایی وه‌ك یه‌كه‌م كاروان له وڵاته‌كه‌یه‌وه ره‌وانه‌ی وڵاتی رواندا بكات، لای خۆشیه‌وه رواندا ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئه‌و پەنابەرانه دەربڕیوە و لەبەرامبەردا بەریتانیا زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی ده‌داته رواندا، به‌ڵام دواتر له‌كۆی ئه‌و 130 په‌نابه‌ره 123 كه‌سیان توانییان له‌ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌كانیانه‌وه تیكته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و ته‌نها 7 كه‌س مانه‌وه، كه له‌ناویان دوانیان كورد بوون و خه‌ڵكی سلێمانی بوون.
هه‌ر شه‌وی رابردووش دادگای مافەکانی مرۆڤ له ئەوروپا به بڕیارێك ناردنی ئه‌و 7 په‌نابه‌ره‌شی له به‌ریتانیا قه‌ده‌غه‌كرد و تیكته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه.
لە کۆی 130 پەنابەر کە بڕیاربوو دیپۆرتی رواندا بکرێنەوە، 11 کەسیان کورد بوون، لەو 11 کەسەش تەنیا دوو کەسیان نەیاتوانیوە تیکتی فرۆکەکەیان هەڵبوەشێننەوە.
دوێنێش سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا له‌و باره‌یه‌وه گوتی: بەم هەنگاوەمان رێگری لە هاتنی پەنابەرانی نایاسایی ده‌كه‌ین، کە ساڵانە قاچاخچیەکان بەڕێگەیەکی مەترسیدار دەیانهێننە وڵاتەکەمان.
H.B