چوارچێوەی هەماهەنگی تووشی لێکترازان دەبێت

پڕکردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کێشەکان قوڵ دەکاتەوە
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - بەغدا

پڕکردنه‌وه‌ی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکی دەخاتە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، زۆربەی کوتلەکانی ناو هاوپەیمانێتیەکە چاویان لەو پۆستەیە، کوردستان24 زانیویەتی، هەریەک لە هاوپەیمانی فەتح، ئەحمەد ئەسەدی و له‌ عەسائیبی ئەهلی حەقیش عەدنان فەیحان ئامادەکراون و هەردوو لاشیان پێداگری لە سەر کاندیدەکانیان ده‌كه‌ن.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە یەکەم هەنگاوی پڕکردنەوەی پۆستەکانی کوتلەی سەدری لێکترازانی تێدەکەوێت، زۆربەی کوتلەکانی ناو هاوپەیمانێتیەکە چاویان لەسەر شوێنگرتنەوەی پۆستەکەی حاکم زاملیە.

مەیسەر شەمەری، شارەزای سیاسی لە بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ململانێی توند هەیە لەنێوان فەتح و عەسائب، بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی پەرلەمان، بۆیە ئەمە وایکردووە دۆخەکە روون نەبێت و نازانێرێت ئاراستەی بڕیاردان بەرەو کوێ دەڕوات".

ترسی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کوتلەی سەدری بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێکان نەڕواوەتەوە، بەڵکو ترسەکە زیادیکردووە، پارتی ھوشیاری نشتیمانی کە نزیکن لە چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان وایە دروستکردنی حکومەت بێ کوتلەی سەدری شەقام دەجوڵێنێت.

عەلا عقابی ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەی هوشیاری نیشتمانی بە کوردستان24ی گوت: "پۆستە بەتاڵەکان، بەتایبەتی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی  پەرلەمان، یەکێک دەبێت لەو پۆستانەی کە پڕبکرێتەوە کوتلەی سەدری پێی بێتاقەت دەبێت، رەنگە کێشە دروست بکات، ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی سیاسی بەم شێوە بڕوات دۆخەکە تێکدەچێت، سیناریۆی گەڕانەوەی خۆپیشاندانەکان هەیە بۆ شەقامی عێراقی رەنگە گرژی و پێکدادانیش دروست بێت".

حاکم زاملی لە بارەی پۆستەکەی رایگەیاندووە، حەلبوسی بەو مەرجە دانشتنی نا ئاسایی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارە نوێکانی رێکخست تاکو چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگ بدەن بە هەموارکردنەوە بڕگەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی لە پەیڕەوی ناوخۆ، کە ئەمەش پێشتر ململانێی توندی نێوان زاملی و حەلبوسی لەسەر بوو، بۆیە زاملی وەک یەکەم شکستی پەرلەمان ناوی دەبات.

بە کشانەوەی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، دۆخەکە هێندە هەستیار بووە، چوارچێوەی هەماهەنگی تاکو ئێستا باوەڕیان وایە، دەبێت حکومەتێک پێکبهێنن، سەدرییەکان توڕە نەکەن، ئەگەر بێت و لە بەرژەوەندیەکانیان بدەن، ئەوا پێشبینی دەكرێت موقتەدا سەدر لایانگرانی بھێنێتەوە نێو گوڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان و دۆخەكە ئاڵۆزتربێت.