گفتوگۆکانی G7 نرخی نەوتی بەرزکردەوە

وەبەرهێنەران ئامادەکاری دەکەن

جی7
جی7

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا بەرزبووەوە، هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش ئامادەکاری وەبەرهێنەرانە بۆ هەر جووڵەیەکی وڵاتانی گرووپی حەوت بۆ قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی رووسیا.

وڵاتانی گرووپی حەوت تاوتوێی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن، دەیانەوێت هەناردەی نەوتی رووسیا کەمبێتەوە، تاوەکو نەتوانێت پارەی پێویست لە جەنگی ئۆکرانیا بەدەست بهێنێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت سەرانی وڵاتانی "جی حەوت" تاوتوێی زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت هەناردەی نەوتی ئێران زیاد دەکات.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئەیلوول بە رێژەی 0.35% بۆ 113.5 دۆلار بەرزبووەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.07% بۆ 107.7 دۆلار بەرزبووەوە.

چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کرد، سەرەڕای داواکارییەکانی ئەوروپا بەڵام ئۆپێک پڵەس لە سیاسەتی خۆی لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment