دوای داکەوتنە بەرچاوەکەی نرخی نەوت ئەمڕۆ بەرزبووەوە

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 106 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی بەهۆی مەترسییەکانی داکەوتنی ئابووری جیهان نرخی نەوت لە مامەڵەکانی دوێنێ سێشەممەدا بۆ کەمتر لە 100 دۆلار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە دوای بڕیاری رووسیا بە راگرتنی باری نەوتی کازاخستان نرخی نەوت بەرزبووەوە.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی سیتی گروپ لە دارمانی بازاڕی نەوت، گۆڵدمان ساکس رایگەیاند، داکەوتنی نرخی نەوتی زیادەڕۆیی تێدا کراوە و ئێست زووە بازاڕی نەوت دەستبەرداری ئەو مەترسیانە بێت.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 1.5 بۆ 106 دۆلار بەرزبووەوە، کە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێیدا سەدا 7.9 بۆ 102.77 دۆلار دابەزی.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 1.2 بۆ 102 دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێی بۆ ژێر 100 دۆلار دابەزی.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سیتی گرووپ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکەن نرخی نەوتی برێنت تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ ئاستی 65 دۆلار دابەزێت، هۆکارەکەشی بۆ داکەوتنی ئابووری گەڕاندەوە، کە وادەکات خواست بۆ نەوت کەم بێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەن نەوتی سووکی تێکساس بۆ 54 دۆلار دابەزێت.

ئەو هۆکارە وایکرد نرخی نەوت ئەمڕۆ بەرزبێتەوە، بڕیاری مۆسکۆ بوو بە راگرتنی هەناردەی نەوتی کازاخستان لە رێگەی هێڵی قەزوێنەوە، کە بە گەورەترین رێگەی گواستنەوەی نەوتی لە دەریای قەزوێنەوە بۆ بازارەکانی جیهان ئەژماردەکرێت.