یانه‌ی بلاكبێرن ده‌رگای یانه‌كه‌ی بۆ نوێژی جه‌ژن بۆ موسڵمانان ده‌كاته‌وه
یانه‌ی بلاكبێرن رۆڤێرزی ئینگلیزی جارێكی دیكه ده‌رگای یاریگه‌ی ئیوود پارك بۆ مه‌راسیمی نوێژی جه‌ژنی قوربان به‌ڕووی موسڵمانان دا ده‌كاته‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه كه رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو كه ده‌كاته 9ـی تهمووز له نێو یاریگه‌ی یانه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدا نوێژی به كۆمه‌ڵ پێشوازی له موسڵمانان ده‌كه‌ن.
یانه‌ی بلاكبێرن بووه یه‌كه‌مین یانه‌ی تۆپی پێی به‌ریتانیا كه له مانگی ئایاری ئه‌مساڵ له نێو یاریگه‌ی یانه‌كه‌ی میوانداریی نوێژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی كرد، ئه‌مجاره‌شیان داوا له موسڵمانان ده‌كه‌ن پێش كاتژمێر 9:00ـی به‌یانی بۆ نوێژی جه‌ژنی قوربان سه‌ردانی یاریگه‌ی ئیوود پارك بكه‌ن.
یانه‌ی بلاكبێرن له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆیان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پێویست به ناو تۆماركردن ناكات و ژن و پیاو و گه‌وره و بچووك ده‌توانن بۆ نوێژی جه‌ژن سه‌ردانی یاریگه‌كه‌یان بكه‌ن و به مه‌رجێك هه‌ریه‌كه‌یان به‌رماڵ یان پارچه‌یه‌ك قوماش بۆ نوێژكردن له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن.
یانه ئینگلیزییه‌كه له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن كورسی و ده‌ستشۆریان بۆ دابینكراوه.
له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی یانه‌ی بلاكبیرن جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه كه پاسی تایبه‌تیش بۆ موسڵمانه‌كان ئاماده‌كراوه به مه‌رجێك ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای كۆمپانیاوه بۆ مه‌راسیمی نوێژی جه‌ژن بۆ نێو یاریگه‌یان بگوازنه‌وه.
یانه‌كه داوا له میوانه‌كانی ده‌كات كه له رۆژی نوێژی جه‌ژن كه‌س تۆپ له‌گه‌ڵ خۆی بۆ یاریگه نه‌هێنێت و رێگه‌ش ناده‌ن كه‌س به پێڵاو بێته نێو یاریگه.
