14ی مانگ پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیان دەستپێدەکات
حاجیانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن

K24 – هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی لە تەندروستی حاجیانی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت: لە 14ی ئەم مانگەوە پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا هیچ حاڵەتێکی وا نەبووە لەناو حاجیان هەرێمی کوردستان کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت، رۆژی پێش عەرەفە حاجییەکی کورد بەهۆی جەڵتە چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە خەوێندرا، دواتر ئەمبوڵانسی بۆ دابینکرا بۆ ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی عەرەفە بکات، پاش ئەوە گەڕایەوە نێو کاروانی حاجیان".
گوتیشی: "لە 14ی ئەم مانگە پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی عێراق دەستپێدەکات، بەڵام هێشتا خشتەکە دیار نەکراوە، بۆ ئەوەی بزانین لە یەکەم کاروان حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە یان نا".
بەیانی ئەمڕۆ حاجیانی ماڵی خوا دوای نوێژی جەژن، لە مینا ئەرکی رەجمکردن بەجێدەگەینن و دواتر قوربانی دەکەن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای دوو ساڵ، ئەمساڵ حکومەتی سعوودییە بە چەند رێکارێکی تەندروستی رێگەی بە یەک ملیۆن هاووڵاتی دا لە تەواوی جیهان بەشداری رێوڕەسمەکانی حەجی ئەمساڵ بکەن، لەو ژمارەیەشدا 850 هەزار کەسیان هاووڵاتی دەرەوەی سعوودییەن.
پشکی عێراق بۆ حەجی ئەمساڵ 15 هەزار و 252 کەسە، لەو ژمارەیەشدا دوو هەزار و 120 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.