مالیكی له كۆبوونهوهی چوارچێوهی ههماههنگیدا داوایكردووه كام لایهن به پێكنههێنانی حكومهت تۆمهتباربكرێت؟
"نووری مالیکی راشکاوانە بە حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گوتووە، نابێ ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە دزە بکات"
K24 – ههولێر:
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناکۆکییەکی قووڵیان لەبارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتەی کابینە و بەرنامەکەی هەیە، هەر بۆیە نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوای لێکردوون ئەو هەواڵە بۆ دەرەوە دزە نەکات و پارتی و یەکێتی بە هۆکاری پێکنەهاتنی حکومەتی نوێ تۆمەتبار بکرێن.
حوسێن کینانی، کادیری پێشکەوتووی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی ئەو رەوتەی شیعەکان، ئاشکرای کرد کە ناکۆکییەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی "زیاتر" بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دوای چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا و نهێنی بە هیچ ئەنجامێک نەگەن.
کینانی لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی رایگهیاند، نووری مالیکی راشکاوانە بە حزبەکانی ناو چوارچێوەی گوتووە، نابێ ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە دزە بکات و بەمیدیایی بکرێ. بۆیە بڕیاریان داوە تۆپەکە بخەنە ناو گۆڕەپانی کوردەوە و ئۆباڵی شکستی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بخەنە ئەستۆی کوردەوە.
لەو چەند رۆژەی رابردوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی نامەیەکی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد. لە نامەکەدا داوا لە پارتی و یەکێتی کراوە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێک بکەون.
بە گوێری زانیارییەکانی کینانی، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەوە کۆکبوونە ئەگەر پارتی و یەکێتی خۆیان لەسەر یەک کاندید رێکنەکەون، چوارچێوە دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی دەدات.
هاوکات جاسم عیساوی، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لە ئەنبار بە کوردستان 24 راگەیاند کە پارتی و یەکێتی لە رۆژانی داهاتوودا و بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، کۆ دەبنەوە.
جاسم عیساوی، بە گوێری زانیارییەکانی خۆی، هەمان بۆچوون و لێکدانەوەی حوسێن کینانی هەیە و پێیوایە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێ ئۆباڵی شکستی خۆی بخاتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی.
بە گوێری زانیارییەکانی عیساوی، ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوونە. دەعوە پشتگیری لە نووری مالکی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات وەک سەرۆکوەزیران دەکات. هادی عامری و حزبەکەی دژی کاندیدبوونی مالکین و بەرەیەکی دیکەش دەیانەوەێ رووخساری نوێ و سەربەخۆ کاندید بن.
عیساوی دەڵێ: "هادی عامری بە کاندیدبوونی نووری مالیکی رازی نییە، چونکە پێی وایە بەو کارە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر تووڕە دەبێ، شەقام دەجووڵێ و ئاژاوە دروست دەبێ".
عیساوی دووپاتی لەوەش کردەوە، کێشەی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو ئەوان لەسەر تەواوی پۆستە وەزارییەکان، پلە تایبەتەکان و تەنانەت کارنامەی حکومەتی داهاتووش کۆک نین.