تویتەر سکاڵا لەسەر ئیلۆن مەسک تۆمار دەکات
"هەژمارە ساختەکان" کێشەی سەرەکین
K24 - هەولێر:
تویتەر سکاڵای یاسایی لەسەر ملیاردێر، ئیلۆن مەسک تۆمار کردووە، ئەمەش بەمەبەستی ناچارکردنی مەسک بۆ کڕینی پلاتفۆڕمەکە بە پێی ئەو رێکەوتنەی پێشتر هەیانبووە.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسیاتی "CNN BUSINESS"، پارێزەرەکەی مەسک رۆژی هەینی 8ـی تەمووزی 2022، لە نامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی تویتەر "لە چەند بڕگەیەکی گرێبەستەکە لایانداوە." بانگەشەی ئەوەشی کردووە، کۆمپانیاکە ئەو داتایانەی نەداوەتە مەسک کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاماری هەژمارە ساختەکان لە پلاتفۆڕمەکە بەکاردێت.
تیمی یاسایی تویتەر لە وەڵامی نامەی پارێزەرەکەی مەسک رایانگەیاند، هەوڵی مەسک بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکە نادروست و هەڵەیە، بانگشەی ئەوەشیان کرد، "مەسک خۆی پێشێلی گرێبەستەکەی کردووە و داوای کردووە کە بەدواداچوون بۆ گرێبەستەکە بکات".
تیمی پارێزەرانی کۆمپانیای تویتەر لە سکاڵایەکی یاساییدا کە رۆژی سێشەممە 12ـی مانگ تۆماریان کرد، باسیان لەوە کرد، "ئەوان هەوڵ دەدەن رێگری لە پێشێلکارییەکانی مەسک بکەن، لەهەمانکاتدا ناچاری بکەن تا گرێبەستی کڕینەکە تەواو بکات".
- پێشتر چی روویدا؟
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا، مەسک لە 13ی ئایاردا رایگەیاند، گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەر کە بڕەکەی نزیکەی 44 ملیار دۆلارە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە.
لە بەیاننامەیەکدا كە لە 25ی نیسان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكرابووەوە، ئاماژە بەوەكرابوو، رێككەوتن كراوە بۆ فرۆشتنی كۆمپانیاكە بە ماسك بە بڕی 54،2 دۆلار بۆ هەر پشكێك.
ئیلۆن ماسک لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، "تا نەسەلمێنرێت کە هەژمارە سپامەکان (ساختەکان) بە نزیکەیی تەنیا لە سەدا پێنجی کۆی گشتی هەژمارەکانی تویتەر پێکدەهێنن، ناتوانێت گرێبەستی کڕینی کۆمپانیاکە کە بڕەکەی 44 ملیار دۆلارە، تەواو بکات.