ژمارەی بێکاران له توركیا گهیشتووهته نزیكهی 3.8 ملیۆن كهس
بێكاری لە نێو گەنجان زیادیکردووە

K24 - ههولێر:
بە پێی نوێترین ئامار کە لە تورکیا بڵاو بووەتەوە، سێ میلیۆن و 785 هەزار کەس لە وڵاتەدا بێکارن.
بە گوێری داتاکانی TUIK کە ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی تهمووز/ یۆلیۆی 2022) بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی بێکاری فەرمی لە تەواوی وڵاتەکە 56 هەزار کەس کەمی کردووە، بەمەش تەواوی بێکاران نزیکەی 3 ملیۆن و 785 هەزار کەسە.
لە لایەکی دیکەوە رێژەی بێکاری بە بڕی 0.3 خاڵی سەرەکی بۆ سەدا 10.9 لە مانگی ئایاردا دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی نیسان گەیشتبووە سەدا 11.2.
هەروەها ئەو کەسانەی کاردەکەن، ژمارەیان 358 ههزار کەسه بەراورد بە مانگی پێش خۆی زیادیکردووە و گەیشتووەتە 30 ملیۆن و 839 هەزار کەس.
لە داتاکاندا هاتووە ژمارەی بێکاران لە نێو گەنجان لە تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵی گەیشتووەتە سەدا 20، کە بەرارورد بە مانگی پێش خۆی سەدا 0.2 زیادیکردووە.