كاردانهوهی تۆماره دهنگییهكانی مالیكی
K24 - ههولێر:
بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی نووری مالکی، کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، هەرچەندە نووسینگەی مالکی رەتیکردووە و دەڵێن ئهو دهنگانه "ساخته و دروستکراون"، بەڵام پارێزهرێك له بهغدا سكاڵای دژی مالیكی تۆماركردووه.
به گوێرهی ئهو تۆمارە دەنگییانەی به ناوی نووری مالکی بڵاوكراوهتهوه، هەڕەشەی گەورە و مەترسی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بە روون و ڕەوانی هەڕەشەی کوشتن دەکات و دەڵێت خۆم بەرگری لە خۆم دەکەم و دەچمە سەر نەجەف، کە مەبەست لێی شوێنی حەوانەوەی موقتەدا سەدرە. ئەمە جیا لەوەی زانیاری ترسناکی تێدایه و جنێو بە سەرکردەکانی دیکە دەدات.
لەم بارەیەوە ئەندامێکی حزبی دەعوە دەڵێت: پێشتر ئەوانە رونکراونەتەوە، دەنگەکان ساختەن و بە مەبەستی ئاژاوە دروستکردن، بڵاوکراونەتەوە.
موهەنەد شمەری، ئەندامی حزبی دەعوە ئاماژهی بهوه كرد، "ئەم دەنگەی بڵاوبووەتەوە، راستی نییە، بۆیە ئێمە بە تەواوی رەتیدەکەینەوە، دەبێت لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی بایهخی پێنەدرێت، چونکە ئەو دەنگانە فێڵی تێدا کراوە، بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و ورووژاندنی شەقامی عێراقییە".
کاتی بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی نووری مالکی، پەیوەستە بە خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژهی بهوه كرد، گومانی تێدا نییە ئەوەی مالکی دەیڵێت، راستە، ئەگەر حکومەت لەوە زیاتر دوابکەوێت؛ دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت.
حسێن کینانی شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: هیچ بەرژەوەندییەک لە بڵاوبوونەوەی ئەو تۆماره دهنگییانه نابینم، لە بارەی ئەوەی مالکی قسەی بە سەرکردەکان گوتووە، هەموو سەرکردەکانی دیكهش قسە بە یەکتری دەڵێن، ئەمڕۆ هیچ هێڵێکی سوور لە سەر کەس نەماوە، تەنانەت قسە بە مەرجەعەتی پیرۆزیش دەگوترێت، بۆیە ئەمە نابێت فیتە دروست بکات و باشتر وایە لایەنەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت و گوێ بەو تۆمار دهنگییانه نەدەن.
ئەو رۆژنامەنووسەی تۆمارە دەنگییەکانی مالکی بڵاو كردووهتهوه، رایگهیاندووه، یەک کاتژمێر تۆماری دەنگی دیكهم لایە و ڕۆژانە بڵاویدەکەمەوە، ئەمەش وای کردووە ترسی زیاتر هەبێت لەو وتانەی کە دەنگی دزە پێکراون.
دوێنێش پارێزهرێك له دادگای كهرخی بهغدا سكاڵای دژی نووری مالیكی سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا تۆماركرد، لهسهر ئهو تۆمار دهنگییانهی له كۆبوونهوهكانی چوارچێوهی ههماههنگی دزەی پێكراوه، پارێزهرهكه دهڵێت "سووكایهتی به سهركرده سیاسییهكان كراوه".