تۆمارە دەنگییەکانی مالیکی لاپەڕەی نهێنی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌

"بەعسییەکان لە ژێر ناوی حزبی تەقەدوم بە شێوەیەکی مەترسیدار چوونەتە قوڵایی حکومڕانی و دەبێت رایانگرین"

نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا
نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا

K24 - به‌غدا:

ماوەی دوو هەفتەیە رۆژنامەنوسێک بە ناوی عەلی فازڵ زنجیرەیەک تۆماری دەنگی نووری مالیکی بڵاودەکاتەوە، کە پڕن لە پێشبینی شەڕی خوێناوی و پێشهاتی مەترسیدار، ئەمەش ژماره‌یه‌ك لە سەرکردەکانی شیعە و سوننەی توڕەکردووە، هەرچەندە دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، تۆمارە دەنگییەکان ساختەن، بەڵام موقتەدا سەدر رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سێ تیمی جیاوازی بواری ئایتی راسپاردووه‌، بۆ شیکردنەوەی راستی و دروستی تۆمارە دەنگییەکان.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر تۆمارە دەنگییەکی نوێی نووری مالیکی،  پەیوەندیەکانی دەوڵەتی یاسا چ لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بێت، یان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکانی دیکە، ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکات، لە دواین تۆمارە دەنگیدا نووری مالیکی دەڵێت: "بەعسییەکان لە ژێر ناوی حزبی تەقەدوم بە شێوەیەکی مەترسیدار چوونەتە قوڵایی حکومڕانی و دەبێت رایانگرین"، ئەمەش لەکاتێکدایە توڕەیی موقتەدا سەدر هێشتا نەڕواوەتەوە و توڕەیەتی حەلبوسیش دژ بە مالیکی زیادی کرد.

هادی جلومەرعی، سەرۆکی سەنتەری ئازادی رۆژنامەگەری گوتی: گرنگی نووری مالیکی لە دیمەنی سیاسی و کاریگەری لە گۆڕەپانەکەدا وایکردووە، ئەم تۆمارە دەنگییانە دەنگدانەوی زیاتری هەبێت، چەندین رەهەندی دیکەشی هەیە و لێکەوتەشی هەر هەیە، چونکە ناکۆکیی پێشوویان هەبووە لەگەڵ موقتەدا سەدر و ئەمەش کاردانەوەی زیاتری دروستکردووە لەلایەن سەدرییەکانەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی و پەرلەمانتارێک و پارێزەیەک داوایان له‌سه‌ر مالیكی تۆماركردووه‌، بۆ خستنەڕووی راستی ئەو تۆمارە دەنگییانەی نووری مالیکی، هاوکات رەوتی سەدریش سێ لیژنەی جیاوازی بواری ئایتیان راسپاردووە بۆ شیکردنەوە تۆمارە دەنگییانه‌.

لەگەڵ هەموو ئەمانەش سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی داوا دەکات، پێش هەموو رێکارەکان ئەو کەسە راگرن، کە تۆمارە دەنگییەکان بڵاودەکاتەوە، چونکە فیتنە و ئاشووبی زیاتر دروست دەکات.

سه‌ڵاح بوشی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی روونیكرده‌وه‌، دەبێت جارێکی دیكە چاو بە قۆناغی ئێستای سیاسی خۆیان بخشێننەوە، دەبێت بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو تۆمارە دەنگییانە رابگیرێن، بۆ ئەوەی کاریگەری خراپ لە پڕۆسەی سیاسی و لەیەکگەیشتنەکان دروست نەکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، قۆناغەکە هەستیارە، لایەنەکان دەبێت هەوڵ بدەن بەسەر بەربەستەکان زاڵبن، حکومڕانی لە عێراقدا لە سەر رێکكەوتنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت وەستاوە.

Fly Erbil Advertisment