هێلکەی قاچاغ زیانی بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە

رۆژانە 8500 کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێندرێن

کێڵگەیەکی پەلەوەری لە هەولێر
کێڵگەیەکی پەلەوەری لە هەولێر

K24 - هەولێر

کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان پێداویستی ناوخۆ بە زیادەوە پڕدەکاتەوە، لە رێگەی 27 پڕۆژەوە ھێلکە بەرھەم دەھێندرێت، بەڵام خاوەن کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی ھێلکە کێشەی هاوردەکردنی ھێلکەی قاچاغیان هەیە کە تا ئێستا لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت و ساڵانە زیانێکی زۆر دەکەن، خاوەن کێڵگەکان دەڵین بەرھەمەکانیشیان وەک پێویست بۆ ساغ ناکرێتەوەو تاکە چارەسەر نەهێشتنی ئەو هێلکەیە کە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن.

تەنها لە یەکێک کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی ھێلکە لە ھەولێر کە رۆژانە 350 بۆ 400 کارتۆن ھێلکە بە دوو جۆری جیاواز دەخرێتە بازاڕەوە، د. سەفین تۆفیق خاوەنی کێڵگەکە، زیاتر لە 10 ساڵە ئەو کارە دەکات نایشارێتەوە ئەو خەرجییەی لە پێگەیاندنی مریشک و بەرھەمھێنانی ھێلکەدا دەیکەن لە ساغکردنەوەیدا دەستیان ناکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا  کۆمەڵێک گرفتیان هەیە. 

د. سەفین تۆفیق، بە کوردستان24ی گوت: "بازاڕی هێلکە لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە نرخی هێلکە دابەزیوە و زیان بەر کێڵگەکان دەکەوێت، هاوکات نرخی حەلەفیش بەرز بووەتەوە".

گوتیشی: "ئەو هێلکانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن کوالێتیان خراپە، بۆیە نرخەکەشیان لەوەی خۆمان هەرزانترە".

وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی  هێلکەی لە دەرەوەی کوردستان داوە، بەڵام ھێشتا بەرھەمی قاچاغ لە بازاڕەکانی ھەرێمدا ساغ دەکرێتەوە، لە کاتێکدا بەرھەمی ھێلکە پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی بڕیاری قەدەغەکردنی هێلکە بۆ ناو بازاڕەکان، کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیان سەندووە، لە هێلکەی خواردن گەیشتووینەتە قۆناغی خۆبژێوی و بەرهەمی زیادەمان هەیە، وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکەی داوە، بەڵام ئەرکی دامەزراوەکانی دیکەیە رێگری لە هاوردەکردنی هێلکە بکرێت و بازاڕەکان کۆنترۆڵ بکرێن".

لە رێگەی 27 پڕۆژەوە، رۆژانە ھێلکە لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێندرێت، حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکە پێویستی ناوخۆیە، بەڵام رۆژانە زیاتر لە 8500 کارتۆن بەرھەمدەھێندرێت بەشێکیشی ھەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment