"دی یۆنگ كێشهیهكی گهورهی بۆ بارسێلۆنا دروست كردووه"

فرانک دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا بووەتە گەورەترین کێشە بۆ یانەکەی، ئەگەر ئەو یاریزانە ئەم هاوینە ریزەکانی یانەکەی جێنەهێڵێت یاخود نیوەی مووچەکەی کەم نەکاتەوە، رێگە بە یانە کەلۆنیەکە نادرێت ناوی هەردوو یاریزانی نوێ یانەکە واتە لێڤاندۆڤسکی و رافینها لە ئەنجوومەنی لالیگا تۆمار بکرێت.
لە ساڵی 2018 بە دواوە، ئەنجوومەنی لالیگای ئیسپانیا بریاریدا سنورێک بۆ خەرجیەکانی یانەکان لە مووچەی یاریزانەکان دیاری بکات و لەو کاتەوە یانەکانیان ناچار کردووە، ناکرێت لە ٪80 زیاتر لە داهاتیان خەرجی مووچە و گواستنەوەی یاریزانەکان بکەن.
ئەم یاسایە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین کێشە بۆ یانە گەورەکان دروست بێت، یەکێک لەو یانانەش بارسێلۆنایە، چونکە ئەو یانەیە بەهۆی قەرزە زۆرەکانی، ناچارە سنورێک بۆ خەرجیەکانی دابنێت، ئەویش لە رێگەی فرۆشتنی یاریزان و کۆکردنەوەی داهاتێکی زیاتر.
یانە کەتەلۆنیەکە لەم هاوینە چوار یاریزانی بۆ ریزەکانی گواستووەتەوە، دوو لەو یاریزانانە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی و رافینهاین، بەڵام تاوەکو ئێستا بلاوگرانا نەیتوانیوە بەهۆی کێشە داراییەکانی، ناوی ئەو دوو یاریزانە لە ئەنجوومەنی لالیگا تۆمار بکات، کەچی نزیکەی دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ.
ئالفرێدۆ مارتینێز لە رادیۆی ئۆندا سێرۆ ئاشکرای دەکات، بارسێلۆنا بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی ئەو دوو یاریزانە تۆمار بکات، دەبێت فرانکی دی یۆنگ رازی بکات و نزیکەی نیوەی مووچەکەی کەم بکاتەوە، یاخود یانەکەیان جێبێڵێت و بە پارەی گرێبەستەکەی، کێشەی ئەو دوو یاریزانە نوێیە چارەسەر بکات.
دی یۆنگ بەهیچ شێوەیەک ئامادەنیە ریزەکانی بارسێلۆنا جێبێڵێت، واتە تۆمار کردنی ناوی لیڤا و رافینهاش بووەتە گەورەترین کێشە بۆ بارسێلۆنا، هەرچەندە یانە کەتەلۆنیەکە نزیکەی 522 ملیۆن یۆرۆ ئەم هاوینە داهاتی دەستکەوتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت چاکسازی لە مووچەی ئەو یاریزانانەش بکات کە سنورەکەیان تێپەڕاندووە.