جۆو بایدن: ئەیمەن زەواهریمان لە ئەفغانستان کوشت

"هەفتەیەک پێشتر ئامادەکاریمان بۆ هێرشەکە کرد"
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە گوتارێکدا کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی راگەیاند، لە گوتارەکەیدا بایدن گوتی: "رۆژی شەممەی رابردوو ئەیمەن زەواهیریمان لە ئەفغانستان کوشت".

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زانیاریمان لەسەر زەواهیری کۆکردەوە، هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی هێرشەکە ئامادەکاری تەواو کرابوو، گوتیشی: "دوای دڵنیابوون لە زانیارییەکان بڕیاری کوشتنی زەواهیریم دەرکرد".

لە بارەی شوێنی هێرشەکە سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکەیان لە کابولی پایتەختی ئه‌فغانستانه‌وه‌ کردووە و گوتیشی: "رێگەنادەین ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەک بۆ تیرۆریستان و بەڵێنم بە خەڵکی ئەمەریکا داوە دژی تیرۆر بوەستمەوە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەفغانستان".

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەیمەن زەواهیری تۆمەتبار کرد بە کوشتنی هەزاران هاووڵاتی ئەمەریکی و روونیشیكرده‌وه‌، "ئێستا کەسوکاری قوربانیانی ١١ی سێپتێمبەر دەتوانن لاپەرەیەکی نوێ هەڵدەنەوە".

سەرۆکی ئەمەریکا بوونی ئەیمەن زەواهیری لە ئەفغانستان بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ تاڵیبان ناوبرد و راشیگەیاند، ئەمەریکا بەردەوام لە هەموو شوێنێک چاودێری هەڕەشەکانی قاعیدە دەکات.

بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی رێکخراوی ئەلقاعیدە هاتەدەنگ و رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا کە بووەتە هۆی کوشتنی زەواهیری، دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری خاکی ئەفغانستانه‌.

زەبیحەلڵا موجاهید، گوتەبێژی فەرمی تاڵیبان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر ماڵێک لە کابولی پایتەختی ئەفغانساتان، لە سەرەتادا رووداوەکە روون نەبووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی دەزگا هەواڵگیری و ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوت، کە هێرشەکە لەلایەن ئەمەریکاوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوە.

گوتەبێژەکەی رێکخراوی تاڵیبان ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئەمەریکای دژی رێککەوتنی دەوحە لە قەڵەمدا و گوتی "کوشتنی زەواهیری دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ئەفغانستان".