سێ باری گەنمەشامی لە ئۆکرانیاوە بەڕێکەوتن
K24 - هەولێر:
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد، سێ کەشتی کە گەنمەشامیان بار کردووە و ئاڵای وڵاتانی پاناما، ماڵتا و تورکیایان هەڵکردووە، لە ئۆکرانیاوە بەڕێکەوتن.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ئەو کەشتییەی کە ئاڵای پانامای پێوەیە، بەندەری ئۆدیسای ئۆکرانیای جێهێشتووە و 33 هەزار تۆن گەنمەشامی لە ئۆکرایناوە دەگوازێتەوە بۆ ئیرلەندا.
ئاماژە بەوەش درا، کەشتی دووەم کە ئاڵای وڵاتی ماڵتای پێوەیە، 13 هەزار تۆن گەنمەشامی هەڵگرتووە و لە بەندەری چەرنۆمۆرسکەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە.
کەشتییەکی سێیەمیش کە ئاڵای تورکیای هەڵکردوو، 12 هەزار تۆن گەنمەشامی بارکردووە، لە هەمان بەندەرەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرجەم کەشتییەکان لەلایەن ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە ئیستانبوڵ، چاودێری دەکرێن.
لە هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵیشدا ئەوە خرایەڕوو، کەشتییەکی دیکەی تورکیا لە ئیستانبوڵەوە بەرەو بەندەری چەرنۆمۆرسک، بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە بەڕێدەکەوێت و ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش دەستی بە چاودێریکردنی جووڵەی ئەو کەشتییەش کردووە.
مانگی رابردوو، شاندی سەربازی رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و دواتر له مەراسیمێکدا رێكکهوتنی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ لهبارهی دووباره ههناردهكردنهوهی دانهوێڵه بۆ جیهان واژوو كرا.