موقته‌دا سه‌در گه‌یشته ماڵی عه‌لی سیستانی
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بانگهێشتی ماڵی مه‌رجه‌عی باڵای شعیهكانی عێراق كراوه

K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی رۆژی عاشورا گه‌یشته ماڵی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شعیهكانی عێراق.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌ردانی ماڵ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له عێراقی کرد، كه پێشتر بۆ ئه‌وه بانگێهێشت كرابوو.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پەیامنێری کوردستان24، ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئاماده‌بوونیه‌تی له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ماتەمینی ئیمام حوسێن، کە مەبەست لێی ئاماده‌كارییه بۆ رۆژی عاشورا، كه له ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
رۆژی عاشورا، كه له‌لایه‌ن هه‌ردوو مه‌زهه‌بی سوننه و شیعه‌دا رۆژێكی هاوبه‌شه و به گرنگی له ساڵنامه‌ی كۆچی بۆ هه‌ردوو ئایینزا داده‌نرێت، له‌لای هه‌ریه‌كێكیان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و هه‌ر یه‌كه‌یان لێكدانه‌وه و بنه‌چه‌ی مێژوویی خۆی بۆ ئه‌و رۆژه هه‌یه.
به گوێره‌ی مێژووی ئیسلامی، عاشورا رۆژی ده‌یه‌می مانگی (موحه‌ڕه‌م)ـی ساڵنامه‌ی كۆچیی موسڵمانانه، بنه‌چه‌ی عاشورا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رزگاربوونی حه‌زره‌تی مووسا له ژێر ده‌ستی فیرعه‌ون و سه‌ربازه‌كانی، بۆیه حه‌زره‌تی مووسا بۆ سوپاسگوزاری خوا له‌م رۆژه‌دا به رۆژوو بووه.
هه‌رچی بۆ په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی شیعه‌یه، 10یه‌می موحه‌ڕه‌م، كه عاشورایه، هاوكاته له‌گه‌ڵ رۆژی شه‌هیدبوونی ئیمامی حوسه‌ینی كوڕی عه‌لی ئه‌بوتاڵیب، له جه‌نگی (كه‌ربه‌لا) له ساڵی 61ی كۆچی، كه ئه‌و رۆژه ده‌كاته رێككه‌وتی 12ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 680ی زایینی، ئه‌مساڵیش رۆژی عاشورا ده‌كه‌وێته 8ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2022.