سوپای ئیسرائیل: ئامادەکاری بۆ هەفتەیەك هێرشکردنە سەر غەززە دەکەین

"لە ئێستادا هیچ دانووستانێکی ئاگربەست لە ئارادا نییە"
بۆردومانی کەرتی غه‌ززه‌ - فۆتۆ: AFP
بۆردومانی کەرتی غه‌ززه‌ - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر:

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ "هەفتەیەك" هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە دەکات، لە کاتێکدا کە پێکدادانەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی تا دێت زیاتر دەبن.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لە ئاسمانەوە، بۆ ماوەی یەك هەفتە بەردەوام بێت.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش لەو بارەیەوە رایگەیاند، سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەك، ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ دانووستانێکی ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ئارادا نییە.

دوێنێ هەینی 5ـی ئابی 2022، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای ئیسرائیل سێ شوێنی کەرتی غەززەیان بە ئامانج گرت، یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکە، باڵه‌خانه‌یه‌كی نیشتەجێبوون بووە، لە رۆژئاوای پارێزگای خان یونس لە باشووری کەرتی غەززەش هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌یه‌كی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی، به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل له‌ هێرشه‌كه‌دا 15 كه‌س كوژراون، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌له‌ستین رایگه‌یاندوو، كه‌ 10 كه‌س به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ كوژراون، كه‌ منداڵێكی 5 ساڵانیشی تێدایه‌.

لەلایەکی دیکەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند شارۆچکەیەکی ئیسرائیل بەردەوام کار دەکەن و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە غەززە، شەوی رابردوو رایانگەیاند، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی شارۆچکەکانی باشووری ئیسرائیل کردوە، وەك کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کوژرانی ته‌یسیر ئه‌لجه‌عبه‌ری، فه‌رمانده‌ی باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی سڤیل لە بۆردومانی دوێنێی ئیسرائیلدا.