بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەرووی 500 هەزار تۆن
زۆربەی بەرهەمی پەتاتە لە دەشتی ناوکور بەرهەمدەهێندرێت

K24 - بەردەڕەش
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی پەتاتە لەمساڵدا دەگاتە سەرووی 500 هەزار تۆن، کە %70ی ئەو بڕە لە دەشتی ناوکور-ی سنووری قەزای بەردەڕەش بەرهەمدەهێندرێت.
دەشتی ناوکور بە پیتە و ساڵانە بڕیکی زۆری بەرووبوومی کشتوکاڵی و بە تایبەت پەتاتەی لێ بەرهەمدەهێندرێت و دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە سێ هەزار کرێکار رەخساندووە.
محەمەد سەعید، یەکێکە لە جووتیارەکانی دەشتی ناوکور بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە زۆر باشە، تاڕادەیەک نرخەکەشی گونجاوە".
بەرهەمی پەتاتەی دەشتی ناوکور، جگە لە قازانج بۆ جووتیاران و بازاڕی ناوخۆ، لە هەمانکاتدا هەلی کاری بۆ زیاتر لە سێ هەزار کەس رەخساندووە. عامر یاسین، یەکێکە لەو کرێکارانەی لەوێ کار دەکات و دەڵێ: "لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتە هەلی کار بۆ زۆربەی گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێت، هەروەها بەشێک لە گەنجانی ئاوارە و پەنابەر کە لە کەمپەکان نیشتەجێن بۆ ماوەی دوو مانگ لێرە کار دەکەن".
تهحسین محهمهد، بهڕێوهبهری كشتوكاڵی بهردهڕهش بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەرهەمی پەتاتە بە هەردوو جۆرەکەی پیشەسازی و خواردن، لێرەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی کوردستان و عێراق دەکەین، چونکە هیچ کارگەیەکی نییە تا پەتاتەی پیشەسازی لێ ساغ بکرێتەوە".