ئێران رێکارەکانی بە فەرمی ناساندنی دەروازەی کێلێی تەواو کردووە
ئێستا قەبارەی بازرگانی کێلێ ساڵانە لەنێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلارە

K24 – رانیە
بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق سەردانی دەروازەی سنووری کێلێ بکات. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران ھەموو رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی تەواو کردووە، ماوەتەوە حکومەتی عێراق بڕیار بدات کێلێ وەک دەروازەیەکی سنووری فەرمی بناسێنێت.
مەرزی کێلێ دەکەوێتە سنووری شارۆچكەی پشدەر، دەروازەیەکی سنووری نافەرمییە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و رۆژھەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 1991ـەوە جموجۆڵ و مامەڵەی بازرگانی لێوە دەکرێت. چەند ساڵێکە خواست لەسەر بە فەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەکە ھەیە و ھەوڵەکان لەو پێناوەدا دەستیان پێکردووە، بەڵام تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون. ئێستا ھەوڵدەدرێت تا بە فەرمی ناساندنی دەروازەکە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە بە پاسپۆرت گەشت بکەن.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەردەشتەوە تا کێلێ ئێرانییەکان ھەموو کاروبارە کارگێڕی و یاساییەکانیان تەواو کردووە و رەزامەندی جێگری سەرۆک کۆماری ئێرانیشیان ھەیە، ئەگەر بێت و خوا نەخواستە بڕیارەکەش دوابکەوێت ئێمە پەنا بۆ شتێکی دیکە دەبەین، ئەویش بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە تا بتوانرێت ھاووڵاتیان بە پاسپۆرت لەم دەروازەوە سنوورییەوە ھاتووچۆ بکەن".
بە ناساندنی دەروازەی سنووری کێلێ، دانیشتووانی دەڤەری راپەڕین بە گشتی و قەزای پشدەر بە تایبەتی، چاویان لەوەیە جموجۆڵی بازرگانی زیاتر بکەوێتە سنوورەکە و کاریگەری لەسەر رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر ھەبێت.
لەوبارەوە محەمەد گەزۆ پسپۆڕی ئابووری دەڵێت: "ئەم بازرگانییە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاڵوگۆری کولتووری و ژێرخانی رۆشبیری خەڵکی ناوچەکە، لە رووی سیاسی و ئابووریشەوە سوودی زۆری دەبێت، ئەو شارۆچکەیەش لەو پەراوێزییە دەربازی دەبێت کە دووچاری بووە".
قەبارەی بازرگانی کێلێ ساڵانە لەنێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلارە، لە ئەگەری ناساندنی دەروازەکە وەک دەروازەیەکی فەرمی، ھاووڵاتیان چاویان لەوەیە کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیان ھەبێت، ئەو ناوچەیەی رژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ماڵ بە ماڵ رووخاند و کردیە ناوچەیەکی قەدەغە کراوە.