تەواوی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی کوردستان خەرج دەکرێت

پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تائێستا خەرج نەکراوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

بڕیارە لەم هەفتەیەدا تەواوی شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردووی جووتیارانی کوردستان، لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و بەسەر جووتیاران دابەشبکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، دوای نووسراوی ئەوان بە ژمارە 340 و نووسراوی پاڵپشتی ژمارە 10065ـی وەزارەتی بازرگانی، هەروەها سێ دانیشتن لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی و دارایی، رێککەوتین لەسەر رەوانەکردنی شایستەی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016 بۆ ئەژماری وەزارەتی بازرگانی.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: لە کۆتا کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی رێککەوتن لەسەر رەوانەکردنی تەواوی شایستەکە.

ئاماژەی بەوەشدا هەوڵێک هەبوو تەنیا 100 ملیار دینار رەوانە بکرێت، بەڵام ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت تەواوی شایستەکە کە 309 ملیار دینارە رەوانە بکرێت.