كڵۆپ: له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ چالاكی دیكه‌مان ده‌بێت

محه‌مه‌د سه‌ڵاح یاریزانی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری هه‌مان یانه‌
محه‌مه‌د سه‌ڵاح یاریزانی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری هه‌مان یانه‌

لیڤەرپوول بۆ یەکەمجار لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە یاریگای خۆی یاریی دەکات و دوای یەکسانبوونەکەی گەڕی رابردووی بەرامبەر فولهام، سبه‌ی رووبەڕووی کریستاڵ پاڵاس دەبێتەوە.

رێدز بەباشی دەستی بە وەرزی نوێ نەکرد و لە گەڕی یەکەمدا دوو خاڵی لەدەستدا، دوای ئەوەی لەگەڵ فوولهام بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک یەکسان بوون، کە لەو یارییەدا نونێز و سەڵاح دوو گۆڵەکەیان کرد و محەمەد سەڵاح بووە یەکەمین یاریزان لە مێژووی پرێمەرلیگ بۆ شەش وەرزی لەسەریەک لە یەکەمین یارییدا گۆڵ بکات.

بەر لەم یارییەش یۆرگن کلۆپی راهێنەر دووپاتیدەکردەوە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانن کە نونێز یان هالاند لەم وەرزە گۆڵی زیاتر لە پرێمەرلیگ دەکەن.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا، یۆرگن کلۆپ راهێنەری لیڤەرپوول رایگه‌یاند كه‌ ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گونجاو نییە، باس له‌ باشترین هێرشبه‌رانی ئه‌م وه‌رزه‌ بكه‌ین و به‌راورد له‌ نێوانیان بكه‌ین.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كڵۆپ ده‌ڵێت: نونێز تا ئێستا باشە و تەنیا گرنگی بەوە دەدات کە گۆڵ بۆ تیپەکەمان بکات و گۆڵ دروست بکات، ئێمە هەوڵدەدەین بیرۆکەی یاریکردنمان روون بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە بەهێز یاریی بکەین و ئەنجامی باش تۆمار بکەین، تیاگۆ ئالكانتارا لە دۆخێکی باشە، پێموایە ئەو چوار بۆ شەش هەفتە دادەبڕێت، بەڵام هیوادارم دابڕانەکەی تەنیا چوار هەفتە بێت.

كڵۆپ ده‌شڵێـت: دڵخۆشم بە تیپەکەم، بەڵام رەنگە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان چالاکی دیکەمان هەبێت، بەڵام نەوەک بۆ هێنانی چەند یاریزانێک، بەڵکو بۆ ئەوەی یاریزانێکی دیاریکراو بەدەست بهێنین.

لیڤەرپوول لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات، لە دوایین دوازدە یاریی بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە دوایین 10 یاریدا بەرامبەر ئەم یانەیە بەلایەنی کەمەوە لە هەر یارییەکدا دوو گۆڵی کردووە، لە دوایین چواردە یاریشدا لە یاریگای خۆی، رێدز سێزدە سەرکەوتنی تۆمار کردووە و لە دوایین 17 یاریشدا لە یاریگای ئانفێڵد لە چواردەیان بەلایەنی کەمەوە لە هەر یارییەکدا دوو گۆڵی کردووە.

Fly Erbil Advertisment